مەلا بەختیار سەبارەت بە سەردانی ئاراس شێخ جەنگی بۆ لای، هاتە دەنگ


مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رەتیدەكاتەوە، ئاراس بەنوێنەرایەتی لاهور شێخ جەنگی سەردانی كردبێت.

نوسینگەی راگەیاندنی مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "مەلا بەختیار، تا ئێستا لە چاوپێكەوتن‌ و لەو راپۆرتەی كە بە بەڵگەوە بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لایەنەكان، سەفارەتەكان‌و دەوڵەتەكانی ناردووە، هیچ كەسێكی لەسەر ژەهرپێدانەكەی وەكو كەس تاوانبار نەكردووە.".

هەروەها دەڵێت:"بەداخیشەوە، مەكتەبی سیاسی لە ئاست تاوانێكی قێزەونی ئاوادا، لیژنەی لێكۆڵینەوەیان پێكنەهێنا. تازە پێكیشیی بهێنن بەهای نەما. لە ئان‌ و كاتی خۆیدا،  مەلا بەختیار سكاڵای یاسایی لەسەر تاوانباران تۆمار دەكات. تا ئێستاش بۆیە سكاڵاكەی نەكردووە، چونكە تاوانەكە هێندە شەرمەزاریە.. نەیویستووە، سەرباری كێشەگەلی یەكێتی، كێشەیەك لەناو خودی یەكێتیدا رویداوە، بباتە بەردەم دادگا. 

لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، لە كاتی نەخۆشكەوتنی مەلا بەختیار لە ئەڵمانیادا  ئاراس شێخ جەنگی، جوامێریی نواند و سەردانی كرد بە چاوی خۆی بینی چۆن دەردەدار كراوەو بە تاوانێكی بێڕەوشت‌و قێزەونیشی زانی. بۆیە، مەلا بەختیار، ئاراسی شێخ جەنگی نابەستێتەوە بە هیچ كەسێك‌ و هیچ كێشەیەكەوە. كاك ئاراسیش لەم رۆژانەدا بە نوێنەرایەتی كاك لاهور سەردانی مەلا بەختیاری نەكردووە. ئەم هەواڵە سەراپا هەڵبەستراوە".




PM:05:46:18/09/2022