سەدر رای دیكەی لەسەر بەشداربووانی حكومەتی نوێی عێراق راگەیاند


موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر رایدەگەیەنێت، وتارەكەی جینین بلاسخارت دەریخست ئەوەی لە عێراقدا ڕوودەدات گەندەڵییە و ئەوەش دروست و راستە.

موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر لە تویتێكدا رایگەیاندووە "بە وردی گوێم لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە عێراق گرت، هەندێك تێبینیم لەو بارەیەوە هەیە".  

سەدر وتویەتی "قسەكانی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان، سەرنجی منی ڕاكێشا لەبارەی ئەوەی هۆكاری سەرەكی ئەوەی لە عێراقدا ڕوودەدات گەندەڵییە، كە بوونی لەلایەن هەمووانەوە بە كۆی دەنگ لەسەری رێككەوتوون".  

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "بەڵێ ئەمە زۆر ڕاست و دروستە، یەكەم هەنگاویش بۆ چاكسازیی قۆناغ بە قۆناغ، بەشداری نەكردنی دەموچاوە كۆنەكان و حیزبەكانیانە لە حكومەتی داهاتوودا".  

سەدر رونیكردۆتەوە "ئێمە ڕازین بە دیالۆگ ئەگەر گشتی بێت و بەمەبەستی دوورخستنەوەی سەرجەم بەشداربووانی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی پێشوو و لێپرسینەوە لە گەندەڵەكان لە ژێر سەرپەرشتی دەسەڵاتێكی دادوەری بێلایەن".  



PM:10:22:04/10/2022