باوکی ژینا راپۆرتی پزیشکی داد رەتدەکاتەوە



لە بارەی راپۆرتی پزیشكی دادی ئێرانەوە لەسەر هۆکاری گیان لە دەستدانی ژینا، ئەمجەد ئەمینی باوکی ئەو راپۆرتەی رەتكردەوە.

 ئەمینی بە بەشی فارسی "دەنگی ئەمریکا"ی راگەیاندووە " بە چاوەکانی شوێنەواری خوێنی لەسەر پشتی مل و گوێی کچەکەی بینیوە و لە زۆر بەش لە جەستەیدا کێشەی هەبووە، لەنێویاندا قاچەکانی".  
  
پزیشکی دادی ئێران رۆژی ٧ ی تشرینی یەکەم  راپۆرتی خۆی لەبارەی هۆکاری گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە.  
  
بەپێی راپۆرتەکە، ژینا ئەمینی لە رۆژی ١٣ ی تشرینی یەکەم  تووشی بوورانەوە بووە، سی تی سکانی مێشک و سییەکانی دەریدەخات کە هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی بەهۆی بەرکەوتنی زەبر بەر سەر و جەستەی نەبووە.  
  
  
هەروەها هاتووە " ژینا لە هەشت ساڵیدا و دوای نەشتەرگەرییەک تووشی کێشە بووە لە کۆئەندامی دەماری و لەکاتی دەستگیرکردنی جەستەی بەرگەی ئەو دۆخەی نەگرتووە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە".
  
ماڵپەڕی رێکخراوی هەنگاو لە زاری ساڵح نیکبەخت، پارێزەری خانەوادەی ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) رایگەیاندبوو، بەپێی ڕای پزیشکە بەناوبانگ و تایبەتمەندەکان و ئەو کەسانەی کە ڕاوێژی پێکراوە، ژینا "بەدڵنیاییەوە" لێیدراوە و ئەوەش هۆکاری مردنی بووە. 
  
نیکبەخت بە ڕۆژنامەی "اعتماد"ی ڕاگەیاندووە، "بە ڕای من و هەمیش پزیشکە بەناوبانگ و کەسانی شارەزا کە ڕاوێژیان پێکراوە، بەدڵنیاییەوە ژینا پێش ئەوەی بگاتە ناوەندی ڕێنمایی تایبەت بە پۆلیس ئەخلاق لێی دراوە، هەروەها ئەگەر زۆرە لەناو ناوەندەکەشدا لێی درابێت”.      

نیکبەخت ئاماژەی بە بوونی "ئاسەواری خوێن لە پشت مل و خوارەوەی کەلـلەی سەری ژینا هەیە" و جەختیکردەوە کە "خوێنی ئەو شوێنانە لەلایەن دایک و باوک و کەسوکاری ژیناوە بینراوە.      

ئەو پارێزەرە داوایەکی بنەماڵەی ژینای ئاشکراکرد بۆ ئامادەبوونی لیژنەیەکی تایبەتمەندی شارەزای نەشتەرگەری دەمار و دڵ بن تاوەکو هۆکاری سەرەکییەکەی ئاشکرا بکرێت.      
  
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو (16-9-2022) بڵاویکردەوە، ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سەقز کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی ئیرشادی تاران درایە بەر لێدان و چووبووە دۆخی بێهۆشی، نیوەڕۆی هەینی لە نەخۆشخانەی کەسرای شاری تاران بە هۆی قورسی برینەکانییەوە گیانی لە دەستدا.          



PM:11:37:07/10/2022