سەندیکای رۆژنامەنووسان: سەرنوسەرو بەڕێوەبەری نوسینی بوار لە ئاسایش دەستگیرکراون


سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان، کاروان ئەنوەر رایگەیاند " هەریەك لە سەرتیپ وەیسی قەشقەیی، سەرنووسەری دەزگای میدیای بوار و ابراهیم عەلی، بەڕێوەبەری نوسینی دەزگاكە لە شارۆچکەی دوکان دەستگیرکراون و ئێستا لە ئاسایشی سلێمانین".
کاروان ئەنوەر سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند" دەستگیرکردنی ئەو دوو رۆژنامەنووسە لەسەر داوایەکی یاسایی بووە".

سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان ئاشکرای کرد کە بڕیارە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەممە بەرپرسانی ئاسایش ببینێت بۆ زانینی کێسەکەیان".

پێشتریش میدیای بوار لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەك شەممە 9/10/2022، هەریەك لە سەرتیپ وەیسی قەشقەیی، سەرنووسەری دەزگای میدیای بوار و ابراهیم عەلی، بەڕێوەبەری نوسینی دەزگاكە بۆ كارێكی رۆژنامەوانی لە هەولێرەوە بەرەو سەنتەری شاری سلێمانی بەڕێكەوتوون، لەو ماوەیە تاوەكو نزیك كاتژمێر شەشی ئێوارە لە پەیوەندیدابووین لەگەڵیان و بڕیار بوو ئێوارە بگەڕێنەوە هەولێر.  

بەڵام بەداخەوە لەو كاتەوە(كاتژمێر شەشی ئێوارە) تاوەكو بڵاو كردنەوەی ئەم راگەیاندراوە ژمارە مۆبایلەكانیان داخرایە، بەڵام ناوە ناوە هێڵی ئینتەرنێتیان دەكرێتەوە و دادەخرێت، سەرباری ئەوەی هیچ وەڵامێكیان نییە".

بەپێی یاسایی ٣٥ ی ساڵی ٢٠٠٧ ی یاسای رۆژنامەگەری لە هیچ بڕگەیەکدا باس لە دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس و پەیوەندی کاری رۆژنامەگەری بە هێزەکانی ئاسایشەوە نەکراوەو، تەنها باس لە پەیوەندی رۆژنامەنووس بە دادگا و هێزەکانی پۆلیسەوە کراوە ئەگەر کێشەیەک هەبێت.



AM:10:52:10/10/2022