ئاکرێ.. لە دوو ڕووداوی جیاوازدا کچ و کوڕێک بە تەزووی کارەبا گیانیان لەدەستدا

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئاکرێ رایدەگەیەنێت" پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە دوو رووداوی جیاوازدا و لە سنوری قەزای ئاکرێ، کوڕێک و کچێک بە تەزووی کارەبا گیانیان لەدەستدا و تەرمەکانیان رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کران". 
 
نێچیرڤان هەرکی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی قەزای ئاکرێ لە لێدوانێکدا بە میدیای پارتی ڕاگەیاند" پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کوڕێک بە ناوی (ئەمیر حەمید)ی تەمەن (٢٧) ساڵ، کە خەڵکی گوندی دووسەرەیە، لە یەکێک لە شوشتنگەکانی کۆمەڵگەی حوسێنییەی سەر بە شارۆچکەی قەسرۆک لە کاتی کاردا کارەبا گرتوویەتی و گیانی لەدەستداوە، تەرمەکەشی رەوانەی پزیشکی دادی پارێزگای دهۆک کراوە". 
  
وتەبێژی تەندروستی ئاکرێ ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ئەمڕۆ لە کاتی شوشتنی ناوماڵ، کچێک بە ناوی (حۆریا ئیسماعیل) تەزووی کارەبا لێیداوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، تەرمەکەشی رەوانەی پزیشکی داد کرا.


PM:06:50:10/10/2022