بافڵ تاڵەبانی: کاندیدەکەی پارتیمان شکاند

دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پەیامێکی توندی ئاڕاستەی پارتی کرد و ڕایگەیاند" کاندیدی پارتی هۆشیار زێباری و ڕێبەر ئەحمەد بوون کە شکاندمانن". 
  
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ئێوارەی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند" لەتیف ڕەشید کاندیدی یەکێتییەوە و پێکەوە ڕێبازی مام جەلال دەپارێزین". 

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆشیار زێباری کاندیدی پارتی بوو، شکاندمان، ڕێبەر ئەحمەد کاندیدی پارتی بوو شکاندمان.  

لەبارەی ئەوەی کە پارتی بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی کاندیدەکەی خۆی کشاندەوە، سەرۆکی یەکێتی وتی" ئەیانزانی کە لێرەش دەیانشکێنین بۆیە کاندیدەکەیان کشاندەوە". 

هەروەها بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:   

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان   

دواجار لە پرۆسەی سیاسیی عیراق، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حزبەکەی خۆتان سەرکەوتنی بەدەستھێنا و سەرباری ھەموو پیلان و مەرامەکان نەتوانرا ئیرادەی تێکبشکێنرێت و سوربووە لەسەر ھەڵوێست و بڕیاری نیشتمانیی خۆی.  

بەدەستھێنانی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و ھەڵبژاردنی بەڕێز د.لەتیف رەشید، سیاسەتمەدار و تێکۆشەری یەکێتی وەک سەرۆککۆماری عیراقی فیدڕاڵ، سەرکەوتنی ئیرادەی گەل، پرۆسەی دیموکراسی و یەکێتی بوو. وێڕای پیرۆزبایی گەرمم لە بەڕێزیان، دڵنیام پشتبەستوو بە ڕابردوو، رۆڵی لە پرسە سیاسی و نیشتمانییەکان و بەشداری لە حوکمڕانی و کاری رێکخراوەیی، لەم ئەرکە نوێ و چارەنووسسازەدا لە راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانی و دەستوورییەکان سەرکەوتوو دەبێت.  

لێرەوە بۆ ھەموولایەکی رووندەکەینەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک ھەمیشە پارێزەری مافی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی وڵات دەبێت. لە سەنگەری پێشەوەی داکۆکی و بەرگری دەبین بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و پارێزگاریکردن لە مافە دەستوورییەکانی گەلەکەمان. لە هەوڵەکانمان بۆ پتەوکردنی تەبایی و یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان بەردەوام دەبین لەپێناو بەهێزترکردنی پێگەی هەرێم و خزمەتکردنی خەڵکە خۆشەویستەکەمان.  

دواجار گەلی کورد و عیراق لەم پرۆسە گرنگ و چارەنووسسازەدا سەرکەوت. بەھەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکانمانەوە ھەر بۆچوونێکمان ھەبووبێت، یەک ئەرکمان لەسەر شانە ئەویش پاراستنی یەکڕیزیی نێوماڵی کورد و یەکگوتاریمانە لە ناوەند.  

دەمەوێت لە کۆتاییدا سوپاسی تیمی یەکێتی و سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەم کە لەماوەی رابردوودا پاڵپشت و هاوکارمان بوون. هەروەها سوپاس بۆ هاوبەشەکانمان لە هەرێمی کوردستان و عیراق.  

ھەر شاد و سەرفرازبن  

دڵسۆزتان  

بافڵ جەلال تاڵەبانی  

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  

١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ 


PM:07:39:13/10/2022