وەزیری ناوخۆی عێراق: تۆمەتباری سەرەکی دزینی ٢.٥ ملیار دۆلارەکە دەستگیرکرا

وەزیری ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە تۆمەتبارە سەرەکییەکانی دزینی (٢.٥) ملیار دۆلارەکەی راگەیاند. 

ئەمشەو عوسمان ‌غانمی وەزیری ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" هێزێکی تایبەتمان لە وەزارەتی ناوخۆ نارد بۆ دەستگیرکردنی (نوور زوهێر جاسم) لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد، لەو کاتەی هەوڵیدەدا لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی تایبەتەوەن وڵات بەجێبهێڵێت".

لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا غانمی سوپاسی، دەسەڵاتی دادپەروەری عێراق دەکات کە رەزامەندی پێویستی بۆ بە جێگەیاندنی ئەم ئەرکە دەرکردووە. 

ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری دارایی بەوەکالەتی پێشووی عێراق لە نامەیەکدا، کە ئاراستەی دەستەی دەستپاكی کردووە، ئاشکرایکرد، دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی باج لە بانکی ڕافیدەین دزراوە. 

وێنەیی تۆمەتبارەکە لە کاتی دەستگیرکردندا کە ویستوویەتی بە فڕۆکەیەکی تایبەت رابکات بۆ دەرەوەی وڵات



PM:10:05:24/10/2022