دادگای بەرایی سلێمانی بڕیارێكی لە بەرژەوەندی رۆژنامەنووسان دەركرد


دادگای بەرایی سلێمانی، بڕیاریدا بە پابەندكردنی سەرۆكایەتی پەرەمانی كوردستان بە پێدانی زانیاری بە رۆژنامەنووسان.

رێكخراوی DHRD رایگەیاندووە، لە پێناو كاراكردنی یاسای ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠١٣یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری لە ھەرێمی كوردستان پاش ئەوەی تیمی پارێزەرانی DHRD داوایەكی ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری دەربارەی خەرجی و داھاتی ئەم خولەی پەرلەمان لەسەر داوای ڕۆژنامەنووس (سوركێو محەمەد) سەرنووسەری سایتی (پەرەگراف ) و دواتر تۆماركردنی داوای بەرایی لە دادگای بەرایی سلێمانی، پاش ئەنجامدانی چەند دانیشتنێكی دادگا و بە ئامادەبوونی نوێنەری یاسایی پەرلەمانی كوردستان ، ڕۆژی ١٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ دوادانیشتنی دادگا بەڕێوەچوو كە تیایدا دادگا بڕیاریدا بە پابەندكردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بە پێدانی سەرجەم ئەو زانیاریانەی ڕۆژنامەنووسی ناوبراو داوایكردووە.  

 راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، ھاوكات لەگەڵ ئەم داوایەدا داوای تری ھاوشێوە لەسەر سەرۆكی ھەرێم و سەرۆكی حكومەتی ھەرێم تۆماركراوە لەھەمان دادگا، بەڵام لەسەر داوای پارێزەرەكانیان داواكان گواستراونەتەوە بۆ دادگای بەرایی ھەولێرو لە ئێستادا دادبینی تیایاندا بەردەوامە.  



PM:03:49:10/11/2022