پارتی مکوڕە لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک


ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندووە " پارتی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە هی خۆی دەزانێت".

لە لێدوانێک بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا کەمال کەرکوکی، ڕایگەیاند، "پارتی لە دوا هەڵبژاردن دا دەنگی یەکەمی لە کەرکوک هێنا، بۆیە پارێزگاری کەرکوک مافی پارتییە. کەسێکی نیشتیمان پەروەر دابنێت و رێز لە ڕای لایەنەکانیش بگیرێت لە دانانی دا."  
  
سەبارەت بە پرسی ئەوەی بە چی پێوەرێک، پارتی دەنگی یەکەمی کەرکوکی هێناوە، لەکاتێکدا یەکێتی سێ کورسی و پارتی دوو کورسی پەرلەمانی لە کەرکوک بەدەستهێناوە، کەمال کەرکوکی وتی "بەڕێز دیلان غەفور بە بێ لایەن خۆی کاندید کرد، نەک وەکو یەکێتی، هەرکەسێک دەنگی بۆ دیلان دابێت کە ئێستا پەرلەمانتارە، دەنگی بە بێ لایەنێک داوە، بۆیە دیلان غەفور با خۆشی بووبێتە یەکێتی، لەسەر یەکێتی حساب ناکەین، چونکە بوونی بە یەکێتی رای شەخسی خۆیەتی، نەک ڕای ئەو جەماوەرەی کە دەنگیان پێداوە."  

دەربارەی بە وادەی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک، کە لەدوای ١٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ ەوە، ئەو پارێزگایەی جێهێشتووە، کەمال کەرکوکی ئاماژەی بەوەکرد، لە کابینە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و کابینەی نوێی حکومەتیش، لەسەر چوار دۆسیە لە گفتووگۆدابوون لەگەڵ عێراق، دۆسیەی سەربازی و ئەمنی، کە بریتییە لە دەرکردنی هێزە عێراقییەکان لەکەرکوک و ڕادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی شار بە پۆلیسی محەلی، هەروەها دۆسیەی سیاسی، چۆڵکردنی بارەگاکانی پارتی و پارتی گەلی تورکمانی لەلایەن حەشد و سوپای عێراق و ڕادەستکردنەوەیان، لەگەڵ دۆسیەی کارگێڕی، کە پەیوەندی بە پارێزگاری سەپێنراوی کەرکوک و ڕێککەوتنی بەرپرسێکی یەکێتییەوە هەیە لەگەڵی.  
  
کەمال کەرکوکی دەڵێت "ئەو چوار دۆسیە پەیوەندیدارە بە کەرکوک، خراوەتە کارنامەی کابینەی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق و لەپەرلەمانیش دەنگی لەسەر دراوە، چونکە پێشتر لایەنەکان لەسەری ڕێککەوتوون، وەفدی هەرێم ئامادەیە بۆ گفتووگۆکردن لەگەڵ عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە بە پێی دەستور."  
  
سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و دوا بڕیاری حزبەکەی بۆ چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ یەکێتی، کەمال کەرکوکی دەڵێت " پێمانباشە هەمووان بە یەکێتی و پارتیشەوە پابەندی یاسا بین، گەر یاسا سەروەر بێت، کێشە ڕوو نادات، گەر لەسەر نایاسایی رێکبکەوین و دڵی یەکتری خۆش بکەین، زوو یان درەنگ دیسان تێکدەچێتەوە."  
    
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی، لە بارەی ڕای حیزبەکەی لەسەر بایکۆتکردنی حکومەت لەلایەن تیمی یەکێتییەوە، وتی"هەرلایەک پابەندی یاسا بێت لەگەڵی هاوڕاین، بەڵام لەسەر ناحەق ئامادە نیین نەرمی بنوێنین، پابەندبوون بەیاسا، رێگەی خزمەتکردنی خەڵکە، بەڵام گەر لەسەر بنەمای نایاسایی ڕێبکەوین، سبەینێ دیسان تێکدەچینەوە."  



PM:10:24:14/11/2022