مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ لە خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژرا

لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا.

بەپێی هەواڵێکی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە خۆپیشاندانەکانی ئێوارەی دوێنێی شاری سەقزدا، مێرمنداڵێک بەناوی دانیال پابەندی تەمەن ١٧ ساڵ بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای رووداوەکە تەرمی دانیال گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی شاری سەقز، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی بردنی تەرمەکە گەمارۆی نەخۆشخانەکەیان داوە، لە بەرامبەریشدا هاوڵاتییان لەبەردەم نەخۆشخانەکە کۆبوونەتەوە بە مەبەستی رێگریکردن لە رفاندنی تەرمە مێرمنداڵەکە. 

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوەکە، تا ئێستا ١٢ منداڵ و مێرمنداڵ لە رۆژهەڵاتی  کوردستان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.


PM:01:10:17/11/2022