بەهای ئەو کاڵا دزراوانە لە دزینی ماڵەکەی ستێرلینگدا ئاشکرا دەبێت

ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل”ی بەریتانی وردەکارییەکانی دزی چەکداری لە ماڵی یاریزانە باڵەکەی ئینگلتەرا، ڕەحیم ستێرلینگ ئاشکرا دەکات، کە بووە هۆی ئەوەی کەمپی سێ شێرەکە لە قەتەر بەجێبهێڵێت، چەند کاتژمێرێک پێش یارییەکەی سەنیگال.

 دوێنێ یەکشەممە، یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا، لە بەیاننامەیەکدا، دوو کاتژمێر پێش یارییەکەی سەنیگال، ڕایگەیاند، ستێرلینگ لە لیستی یارییەکاندا نابێت، چونکە قەتەری بەجێهێشت و بە هۆکاری خێزانییەوە گەڕایەوە ئینگلتەرا، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی دیکە ئاشکرا بکات.

 دوای ئەوە دەرکەوت کە ستێرلینگ کەمپەکەی بەجێهێشتووە، بەهۆی بوونی دزییەکی چەکداری لە ماڵەکەیدا، لەکاتێکدا کۆمەڵێک دز هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی کە بەهاکەی ٦ ملیۆن پاوەن بووە.

 ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، دزەکان دوای ئەوەی چوونەتە ناو ماڵی ستێرلینگەوە، سەعات و زەڕەنگەرییان دزیوە کە بەهایان لە 600 هەزار پاوەن کەمتر نەبووە.

 پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە دزیکردنەکە ڕایگەیاندووە، "لە ئێستادا بەدواداچوون بۆ ڕاپۆرتێکی دزیکردن دەکەین". زێڕینگەریی و کاتژمێرەکان دزرابوون”.

 پۆلیس دەشڵێت: "لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی بارودۆخەکە و ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، هیچ مەترسییەکی توندوتیژی نەبووە بەو پێیەی کەلوپەلی دزراو دۆزراوەتەوە".

 جێگای سەرنجە کە ئەمە یەکەمجار نییە ستێرلینگ بکرێتە ئامانج، چونکە دزییەک لە ماڵەکەی لە شاری چیشایەر لە ساڵی ٢٠١٨ بووە هۆی ئەوەی سەگێکی پاسەوانی ڕۆتویلەر بکڕێت کە بەهای ١٥ هەزار پاوەندە.


PM:04:08:06/12/2022