باوکی ناڵە سوپەر لەسەر بڕیاری زیندانیکردنی کچەکەی هاتەدەنگ

دوای ئەوەی ناڵە سوپەر کچە میدیاکار و وەرزشکار بە پێنج ساڵ و مانگێک سزادرا، باوکی ناڵە لە نامەیەکدا باسی کێشەکە دەکات و "دادگای هەولێر و یاسا تاوانبار دەکات". 

سوپەر جەلال بەگ دەرگەڵەیی باوكی ناڵە لەنامەیەكدا كە بۆ كچەكەی ناردووە دەڵێت" ئەوەی رۆژێك ئەلف و بێی یاسای خوێندبێت، دەزانێ سەرلەبەری ئەو بڕیارە نادادی و ناهەقییە بەرامبەرت كراوە، ئەو بڕیارەش پەڵەیەكی رەشی دیكەی نا بە ناوچاوانی دادگا". 

دەشڵێت" سەپاندنی سزای زیندانی بەسەر كچەكەیدا بڕیارێكی ناڕەوایە و دادگا لە بری ئەوەی ماف بۆ كچەكەی بگەڕێنێتەوە، كەچی تۆمەتی ساختەكاری خستەپاڵی، كە دوورە لە رەوشتە جوان و بەرزەكەی و ئەو كارانە لە پەروەردەی خێزان و بنەماڵەكەی ناوەشێتەوە". 

دەقی نامەكە:

بەری رۆژ بە بێژینگ ناگیرێت

بەناو دادگای هەولێر مافت وەربگرێت، كەچی تۆمەتی لۆت بەشییەوە سزای پیشەی ساختەكاری خستیتە پاڵ و پێنج ساڵ و یەك مانگ زیندانی!!! بۆ دەركردی، سەنەوی سەیارەیەك كە نزیكەی دوو ساڵە لەلات نەماوە و خۆشت دەستت نەبووە لە دروستكردنی.

ئەوەی رۆژێك ئەلف و بێی یاسای خوێندبێت دەزانێ سەرلەبەری ئەو بڕیارە نادادی و ناهەقییە بەرامبەرت كراوە بە یەكەمین جەلسەو بەبێ بەڵگە.

ئایا راگرتنی كەسێك بۆماوەی حەوت مانگ و بێسەروشوێنكردنی بۆ نزیكەی مانگێك بێ لێپیچینەوەی دادگا، سەرەڕای خستنە پاڵی چەندین تۆمەت وەك بەكاربەری ماددەی هۆشبەرو كچە مۆدێل و دانانی وێنەت لەگەڵ كەسانێك كە لەكاری قێزەون تێوەگلاون و چەندین قسەی نەشیاوی پەیج و سایتە ناحاڵی و دوور لەكاری رۆژنامەگەری و بنەماكانی، دواجار لە وێستگەی تەزویری سەنەوی سەیارەیەك وەستان كە ئەوەیان ئاسمان و رێسمان جیاوازە لەگەڵ ئەو سزایەی بەسەر تۆیاندا سەپاندووە.

هەرچەندە هەموو ئەوانەی دراوەتە پاڵت لەو كارانە هەر هەمووی دوورە لە رەوشتە جوان و بەرزەكەت و لە پەروەردەی خێزان و بنەماڵەت و ئەو كارانە نە لە كۆن و نە لە ئێستاو نە لە داهاتووش لێت ناوەشێنەوە.

ئەو بڕیارە پەڵەیەكی رەشی دیكەی نا بە ناوچاوانی دادگا

سوپەر جەلال بەگ دەرگەڵەیی


PM:06:18:11/12/2022