بەندکراوێکی سیاسی پێشوو و خەڵکی بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە له خۆپیشاندانهكانی ماوهی رابردووی ئهو شاره دهستگیركرابوو، بەهۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانی لەدەستدا.
بەپێی هەواڵێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەمەد حاجی ڕەسوڵ پور، بەرەبەیانی ئهمڕۆ دووشەممە، دوای پێنج ڕۆژ چوونە حاڵەتی کۆما لە ژێر کاریگەری ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە نەخۆشخانەی قولی پوری شاری بۆکان گیانی لەدەستدا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار" یەکێک لە هۆکاری خراپتربوونی دۆخی تەندروستی و گیان لەدەستدانی ئەم هاوڵاتییە، ڕێگری هێزە ئەمنییەکان بۆ دەست ڕاگەیشتنی بە ئاوی خواردنەوە بووە لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی دەستگیرکردنی لە بەندیخانەی ناوەندی شاری بۆکان".
محەمەد حاجی ڕەسوڵ پور، ڕۆژی سێشەممەی رابردوو بەهۆی ئەشکەنجە و سەختی برینەکانی لە بەندیخانەی ناوەندی بۆکان، ئاستی هۆشیاری خۆی لەدەست دابوو و بۆ نەخۆشخانە گواسترابوەوە.
بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تا ئێستا ١٠ هاوڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە کاتی دەستگیرکردنیان و لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.