لەسەر ئەو کچەی چوو بوو بۆ بینینی پێشبڕکێی ماتۆڕ و لەلایەن دەیان گەنجەوە سووکایەتی پێکرا، سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت " بەرهەمی ئەو خیتابە بەربەریەیە کە رۆژانە بەرامبەر ژنان دەکرێت ".
د. ڕیواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵێیەتی تویتەر دەڵێت " ئەو نێرانەی کە وەک دڕندە پەلاماری کچێک ئەدەن کە خواستی بووە وەک هەرکەسێک تەماشای پێشبڕکێیەک بکات،بەرهەمی ئەو خیتابە بەربەریەن کە ڕۆژانە بەرامبەر ژن و کچی ئەم هەرێمە بە پلان و بە ڕێکخراوی بەڕێوەئەچن".
هەروەها دەشڵێت " دەسەڵات و کۆمەڵگەیەک ئەم بەربەریەتە ڕاینەچڵەکێنێت ئەبێت چاوەڕێی مردنێکی خێرا بێت".
ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵێیەتییەکان ڤیدیۆی پەلاماردانی کچێک لە ناوچەی هوانە بڵێوکراوەتەوە کە بەدەیان گەنج پەرلاماری کچێک دەدەن و سوکایەتی پێدەکەن و ئازاری دەدەن، تەنها لەبەرئەوەی چووە تەماشای پێشبڕکێی ماتۆڕسواری بکات.