پارتی: ئەو هێزەی بۆ مەخموور هاتبوو موزایەدە دەكەن‌و ڕەنگە سووكە تەقەیەكیان كردبێت

‌هێزەكانی دژە تیرۆر
ئەمرۆ پێجشەممە 28-8-2014 لە قەزای مەخمور نەجات عەلی بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە كۆنگرەێكی رۆژنامەوانیدا چۆنیەتی ئازاد كردنی ئەو قەزایەو دەوروو بەری ئاشكرا كرد.

لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا نەجات عەلی بەرپرسی میحوەری مەخموور ڕایگەیاند 'لە هێرشی گرتنەوەی سنووری قەزای مەخموور تەنها هێزەكانی یەكەی 47و  فەوجی یەك و لیوای دە و پاسەوانە تایبەتەكانی (مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان) بەشداربوون و هیچ هێزێكی دیکە لەو شەڕە بەشداریان نەكردووە، ئەوەی بڵاویشكراوەتەوە، تەنها موزایەدەیی سیاسییە'، دەشڵێت 'ئەو هێزەی بۆ موزایەدەیی سیاسیی هاتبوون، ڕەنگە لابەلا سووكە تەقەیەكییان كردبێت، بەڵام لە پلانی گرتنەوەی مەخموور بەشداریان نەكردووە'.

نەجات عەلی ئەوەشی خستەروو 'ژمارەێك دەزگای ڕاگەیاندن، رۆڵیان هەبووە لە تۆقاندن و دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ‌ لە دڵ و مێشکی هاووڵاتییانی ناوچەكە و زۆر جاریش ئاسایشی نیشتمانی هەرێمی كوردستانیان خستووتە مەترسیەوە'.

ئەو بەرپرسە ئاشكراشیكرد 'پلانی هێزەكانی پێشمەرگەو رێكخستنیان لە ناوچەكە بێ كەمووكوڕی نەبووە، بەڵام تواندرا بەو پلانە لە 95% ئەو ناوچانە كۆنترۆڵ بكرێنەوە، كە لە دەست چەكدارانی داعشدا بوون'.

بەرپرسی لقی پارتی لە مەخموور دەشڵێت 'دوای وەشاندنی گورزەكانی پێشمەرگە لە چەكدارانی داعش،‌ ئەو چەكدارنە بە هیچ جۆرێك لە توانایاندا نیە هێرش بكەنەوە سەر ناوچەكە. ئەگەر فەرمانمان پێبکرێت ئەوە توانامان هەیە زۆر ناوچەی دیکە لە دەست داعش دەرنهێنین'.

پێشتر بڵاوكرایەوە كە هێزەكانی دژە تیرۆر چالاكانە بەشداری شەڕی مەخموریان كردوە.



PM:03:12:28/08/2014