بەیانی ئەمڕۆ مەراسیمی یادی شەهیدانی ١٧ی شوبات بە بەشداری کەسوکاری شەهیدان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
کاتژمێر (١٠:٠٠) بەیانی ئەمڕۆ هەینی لەسەر ئارامگەی شەهید رێژوان عەلی یەکەم شەهیدی خۆپیشاندانەکانی (١٧)ی شوبات و رۆژانی دوایی مەراسیمى ساڵیادی خۆپشاندانەکان بە بەشدارى بەشێک لە کەسوکارى شەهیدانى خۆپیشاندانەکان و چالاکانى کۆمەڵى مەدەنى بەڕێوەچوو.
هەروەها کاتژمێر (٢:٣٠) خولەکی دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی سندی نزیک ئەمنە سوورەکەی شاری سلێمانی مەراسیمێک ساز دەکرێت و لە رۆژانی داهاتووشدا لە رۆژی شەهیدبونیاندا یادی شەهیدەکان لەسەر گۆرەکانیان دەکرێتەوە.
رۆژی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ دوای بەڕێوەچونی خۆپیشاندانێک لە شاری سلێمانی، خۆپیشاندەران لە بەردەم لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و گرژی و پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و پاسەوانی بارەگەدا سەریھەڵدا، لەو رۆژەدا گەنجێک کوژراو زیاتر لە ٥٧ کەسی دیکە بریندار بوون، دواتر خۆپیشاندان و پێکدادان ناوچەکانی دیکەی پارێزگای سلێمانی گرتەوە، ئەنجامەکەیشی بە کوژرانی ١٠ کەس لە خۆپیشاندەر و پۆلیس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە کۆتایی پێھات.