لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان هاوڵاتییەکی دیکە لەسێدارە درا

دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران هاوڵاتییەكی دیكەی لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ لەسێدارە دا. 

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە سزای لە سێدارەدانی زیندانییەكی دیكە بە ناوی (عەلی دودكانلوو) كە دوو ساڵ پێش بە تۆمەتی "كوشتنی بەئەنقەست" سزا درابوو، لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ لە سێدارە درا.

هەر بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕەكە، لە ئێستادا دۆسیەی لانیكەم ٢٨ زیندانی بە مەبەستی جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدان، ڕەوانەی نووسینگەی جێبەجێكردنی ئەو جۆرە سزایە لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ كراوە.

بەپێی ئامارێکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا سزای لە سێدارەدانی زیاتر لە ١٠ بەندكراو لە زیندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان جێبەجێكراوە.


PM:04:32:01/03/2023