مستەفا هیجری ئاماژە بۆ بوونی پیلانگێڕی دەکات


بەرپرسی ناوەندی جێبەجێکاری حزبی دیموکراتی كوردستانی ئێران، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پیلان هەیە لەسەر کوردو دەڵێت " بۆ ئەم قۆناغەی رۆژهەڵاتی کوردستان هیچ هەنگاوێک لە پاراستنی یەکگرتویی ناوخۆیی خەڵك و لایەنە سیاسییەکان گرنگتر و بەبایەختر نییە، بۆیە دژی ئەوانەی دەیانەوێت یەکگرتویی کورد تێکبدەن داوا دەکات یەکگرتویی هەم لە ناوخۆی کوردستان و هەم لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێرانیش برەوی زیاتر پێبدرێت".

مستەفا هیجری لە پەیامێکدا دەڵێت " لەئێستادا رۆژهەڵاتی کوردستان بە قۆناغێکی پڕ لە ئاستەنگیدا تێدەپەڕێت، چونکە لەلایەک هەوڵی بێدەنگکردنی دەدرێت و لەلایەکی دیکەش خەڵک بۆ دروستکردنی داهاتویەکی باشتر لە ململانێ‌دایە، بۆیە ئەوەی دەتوانێ لەم دۆخەدا ئارامی و سەرکەوتن لە دواڕۆژدا مسۆگەر بکات، شتێک نییە بێجگە لە یەکگرتویی، پێکگەیشتن و لەیەکگەیشتنی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی".

هەروەها هاتووشە، "ئەوەی تاکو ئەمڕۆ لە پاش شەهیدبونی ژیناوە بۆتە هۆکارێک کە کۆمەڵگە و نیشتمانەکەمان باڵای بەرزە، یەکگرتویی کوردستانیان و هێزە خەباتکارەکانی بووە، بەڵام ئەم یەکگرتوییە بێ کۆسپ نەبوە و نەیارەکانمان هەوڵیانداوە ڕێز و هەیمەنەی ئەم یەکانگیرییەی کوردستان بخەنە ژێر پرسیار و لە هەوڵی ئەوەدا بون کە سەنگەری کوردستان لەرزۆک بکەن و بێهیوایی ببەخشنە کوردستانیان."

بەرپرسی ناوەندی جێبەجێکاری حزبی دیموکراتی كوردستانی ئێران،  داوا لە هەموان دەکات ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان، زمان و کردەوەیان لە ئاست بەهێزکردنی ئەو یەکگرتویی یە بخەینەگەڕ، یەکگرتویی هەم لە نێوخۆی کوردستان و هەم یەکگرتویی کوردستان لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێران.



PM:09:50:07/03/2023