نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كۆبوونەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كرد و تاوتوێی دۆخی ئاوارە و ‏پەنابەران لە هەرێمی كوردستان و چەند ‏پرسێكی دیکە کرا. 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێم، ئەمڕۆ ٨ی ئادار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی ‏كوردستان (ماوە بۆ درێژکراوە) لەگەڵ  ئەنالینا بێربوك وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە، لە كۆبوونەوەیەكدا نێچیرڤان بارزانی  دووپاتیكردەوە كە هەڕەشەكانی تیرۆر هێشتا ‏بەردەوامن، بۆیە عێراق و هەرێمی كوردستان پێویستیان بە بەردەوامی پشتگیری ‏ئەڵمانیا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە.‏

لای خۆیەوە بێربوك ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەڵمانیا بە بایەخەوە لە ‏پێوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و ئارامی و سەقامگیری ‏سیاسی و ئابوورییان دەڕوانێت.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بە گرنگی جێبەجێكردنی ‏ڕێككەوتنی هەرێم و عێراق بۆ ‏ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال كرد كە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئاوارەكان و ‏ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە. ‏

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد تەوەرێكی تری كۆبوونەكە بوو کە تێیدا نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە هەبوونی كەشێكی ئەرێنی گفتوگۆی نێوان ‏هەردوولا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كرد، هەروەها ئاماژەی بە هاوئاهەنگی ‏پتەوی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش كرد.‏


PM:01:52:08/03/2023