لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێک لە نێو منداڵان هۆشداری دەدرێت

پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان ڕیدەگەیەنێت" ڤایرۆسێکی نوێ لەنێو منداڵان بڵاوبووەتەوە و بەخێرای دەگوازرێتەوە". 

د.پشدەر عەبدوڵا پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە" ڤایرۆسێکی نوێ لەنێو منداڵان بڵاوبووەتەوە و بەخێرای دەگوازرێتەوە، سوڕی ئەم ڤایرۆسەش لە چەند رۆژێکەوە بۆ دوو هەفتە لەوانەیە بخایەنێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڤایرۆسەکە ناوی (پەتای ڤایرۆسی ئەدینۆ)یە و ئەکرێت منداڵان لە هەموو تەمەنە جیاوازەکان تووش ببن، چەندین زنجیرەی جیاوازی هەیە، جیاواز لە پەتاکانی تر لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا ئەگەری توشبوونی هەیە. 

بەپێی وتەی ئەو پسپۆڕە، ڤایرۆسەکە رەنگە ببنە هۆی ئەم نیشانانە:

١-تا
٢-نیشانەکانی هەڵامەت
٣-چاو سوربونەوە
٤-دەنگ گڕبون یان نوسان
٥-هەوکردنی سیەکان
٦-سکچون و ڕشانەوە
٧-هەوکردنی میزڵدان
٨-هەندێکجار هەوکردنی مێشک یان پەردەی مێشک
٩-بڕۆنکیۆلایتس کە لەلای دایکان و باوکان بە قەسەبات ناسراوە

دەشڵێت" زۆربەی کات هەوکردنەکان سوکن، بەڵام لەوانەیە منداڵ توشی هەوکردنی قوڕسیش بکات، هەروەها نیشانەکان زیاتر پشت بە جۆری زنجیرەی ڤایرۆسەکە و ئەو ئەندانەی تووشی دەکات دەبەستێت".

د.پشدەر عەبدوڵا لەبارەی نیشانەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی ئەدینۆ باس لەوە دەکات، زۆربەی کات نیشانەکانی لە شێوەی پەتای هەڵامەت دەبێت وەکو تا، قوڕگ ئێشە، لوت تەڕی، لەگەڵ کۆکە، بەڵام لەوانەیە نیشانەی تریشی لەگەڵدا بێت وەکو، ئازاری چاو سوربوبەوەی چاو، سکچوون، رشانەوە، ئازاری سک، زوو زوو میزکردن، ئازار لە کاتی میزدا، خوێن لەگەڵ میزدا، سەر ئێشە. 

ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی منداڵ دەشڵێت" ڤایرۆسی ئەدینۆ زۆر بە خێرای دەگواسترێتەوە بە تایبەت لە دایەنگە و خوێندنگە و نەخۆشخانەکان، لە ڕێگای کۆکە و پژمە و خواردنەوەی ئاوی پیس یان مەلەکردن لە هاویندا لە ئاوی پیس بڵاودەبێتەوە، زۆربەی کاتیش پێویستی بە نەخۆشخانە یان بینینی پزیشک نابێت، تەنها بە پشوی زۆر و خواردنەوەی بڕێکی باش ئاو فێنککردنەوە لە کاتی بوونی تادا یان پێدانی دەرمان بۆ دابەزاندنی تا چارەسەر دەبێت، سوڕی ئەم ڤایرۆسە لە چەند رۆژێکەوە بۆ دوو هەفتە لەوانەیە بخایەنێت".

ئەگەر منداڵ ئەم نیشانانەی هەبوو دەبێت دەستبەجێ نیشانی پزیشکی پسپۆڕ بدرێت:

١-تای زۆر بەرز یان تایەکەی بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام بێت

٢-کێشەی هەناسەدانی هەبوو یان هەناسەی بە ناڕەحەت بۆ ئەدرا

٣-تەمەنی بچوکتر لە سێ مانگ یان کێشەی کەمی بەرگری لە شی هەبوو

٤-ئازاری چاو سوربونەوە و کێشەی بینینی هەبو

٥-سکچون و ڕشانەوەی  زۆر یان نیشانەی وشک بونەوەی هەبوو


AM:12:00:10/03/2023