پسپۆرێکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات لە سبەیەوە، چوار شەممە، چالاکبوونی با و ھەورە تریشقە و ناجێگیربوونی کەشوھەوا دەستپێبکات.
ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی ئەم بەیانییە ١٤ ی ئازار لە راگەیاندنێکدا دەڵێت "سبەی چوارشەمە ١٥ ی ئازار لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست و سوور لەسەر ناوچەکانمان ئاسمانی ھەرێم بەزۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و لەکاتەکانی بەیانیەوە سەرەتا تاوە باران و ھەورە بروسکە لەناوچەکانی سنوری پارێزگای دھۆک و موسڵ دەستپێدەکات".
هەروەها دەشڵێت " لەنێوان کاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە کاریگەری چالاکتر ئەبێت بۆ لێزمە باران و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو ئەبێت لەناوچە نزمەکانی سنوری پارێزگای دھۆک و بەتایبەت موسڵ".
" لەکاتەکانی ئێوارە و شەودا کاریگەری ئەم ناسەقامگیریە درێژ ئەبێتە بۆ ناوچەکانی سنوری پارێزگای ھەولێر و کەرکوک و سلێمانی و ھەڵەبجە و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان و راپەرین لە زۆربەی ناوچەکان ھەورە تریشقە چالاک ئەبێت لەگەڵ ناوبەناو لێزمە باران و تەرزە بەرێژەی جیاواز بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە نزمایەکاندا"( ئاراز جەبار دەڵێت).
لەبارەی پلەی گەرماوە، ئەو پسپۆرە پێشبینی دەکات" پلەکانی گەرما بۆ سبەی بەرێژەی ٢ پلە بەرزتردەبێتەوە لە ئەنجامی ھاتنی بارستە ھەوای شێداری دەریای سوور ، خێرای با زۆربەی کاتەکان مامناوەند چالاکەبێت ٢٠ تا ٤٠کم/س لە ئاراستەی باشوری رۆژھەڵاتەوە" .
سەبارەت بەرێژەی باران بارین، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە رێژەی بارانی پێشبینی کراو لەماوەی کاریگەری ئەم شەپۆلەدا لەسنوری پارێزگای دھۆک ، ھەولێر ، موسڵ ئەبێت بەجیاوازی ناوچەکان لەنێوان ٢٠ تا ٧٠ ملیممەتر ئەگەری بارانبارین ئەبێت ، بۆ رۆژی پێنجشەمە ١٦-٣-٢٠٢٣ کاریگەری ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە بەشێوەی بارانی زستانەیی و پچر پچر بە رێژەی مامناوەند لەسەر ناوچەکانمان ئەمێنێتەوە لەگەڵ ھاتنی بارستە ھەوایەکی سارد و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بەرێژەی ٦ تا ٨ پلە و بارینی بەفر لە ناوچە شاخاویە بەرزەکاندا ، لەکاتەکانی ئێوارەدا کۆتای پێدێت.