ئەفسەرێكی باڵای پاسداران لە سوریا كوژرا


یەكێك لە راوێژكار و ئەفسەرانی سوپای پاسدارانی ئێران لەشاری دیمەشقی سوریا لەئەنجامی بۆردومانێكی سوپای ئیسرائیل كوژرا.

پەیوەندیە گشتییەكانی سوپای پاسداران لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ میلاد حەیدەری كە یەكێك بوو لە ئەفسەر و راوێژكارانی سوپای پاسداران، لە هێرشێكی  ئیسرائیلیدا لەناو جەرگەی دیمەشقی پایتەختی سوریا كوژراوە.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "بێدەنگی و بێهەڵوێستی ناوەندە نێودەوڵەتییە كاریگەرەكان سەبارەت بە دوبارەبونەوەی تاوان و هێرشەكانی قەوارەی زایۆنی و پێشێلكردنی بەردەوامی سەروەری و یەكپارچەیی خاكی دەوڵەتێكی سەربەخۆ كە ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكانە، سەركۆنە دەكەن، بێ گومانیش قەوارەی ئیسرائیلی تاوانبار وەڵامی ئەم تاوانە وەردەگرێت".

هەروەها وەزارەتی بەرگری سوریا رایگەیاند، هێزی بەرگری ئاسمانی سوریا توانیویەتی دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر چەند شوێنێك لە سنورەكانی دیمەشق بەرپەرچ بداتەوە، ژمارەیەك موشەكیان لەئاسمان خستۆتەخوارەوە، دەستدرێژییەكەش هەندێك زیانی ماددی لێكەوتوەتەوە.



PM:03:07:31/03/2023