هۆشداری لە شەپۆلی بارانی بەلێزمە و دروستبوونی لافاو دەدرێت


پسپۆرێکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات سێ شەممە و چوار شەممە و پێنج شەممە شەپۆلی بارانبارینی بەلێزمەو هەورە بروسکە سەرجەم هەرێمی کوردستان بگرێتەوەو هۆشداری لە دروستبوونی لافاو دەدرێت.

ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی پێشبینی دەکات کە سەرەتا لە کاتەکانی ئێستا کاریگەری بەرەی پێشەوەی ئەم نزمەپالەپەستۆیە لەسەر ناوچەکانمان ھەیە کە ئاسمانی بەشێک لەناوچەکان بۆ ھەوری بەرز و بێباران گۆراوە بۆ سبەی یەکشەمە رێژەی ھەور زیاتر ئەبێت لەگەڵ ئەوەشدا ھەوایەکی گەرمی لەگەڵ ئەبێت کە تا رۆژی سێشەمە بەردەوامی ئەبێت و پلەکانی گەرما بەرزتر دەبنەوە بە رێژەی ٣ تا ٥ پلەی سەدی لەو ماوەیەشدا بەتایبەت لە سبەیەوە ھەندێ ناوچە نمە بارانی ئەبێت لەگەڵ چالاکبوونی ھەورە بروسکەی لاواز بەتایبەت لەسنوری پارێزگای دھۆک".

ئەو پسپۆرە دەشڵێت " بۆ رۆژی سێشەمە ١١-٤-٢٠٢٣ زیاتر کاریگەری ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە لەسەر ناوچەکانمان نزیک دەبێتەوە ئاسمان بەزۆری دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواو پلەکانی گەرما کەمێک نزمدەبنەوە و خێرای با زۆربەی کاتەکان مامناوەند بۆ نیمچە بەھێز چالاکبوون بەخۆیەوە ئەبینێت، بەخێرای ٣٠ تا ٥٠کم/س لە ئاراستەی باشوری رۆژئاواوە ، وە ئەگەری نمە باران لەھەندێ ناوچەدا ئەبێت" .
لەبارەی توندی شەپۆلەکەوە، ئاراز جەبار دەڵێت " لە کاتەکانی شەوی سێشەم لەسەر بەرەبەیانی چوارشەمە ١٢-٤-٢٠٢٣ پێشبینی دەکرێت کاریگەری ئەم نزمەپاڵەپەستۆ قوڵ و فراوانەی دەریای ناوەراست و کاریگەری بارستە ھەوایەکی گەرم و شێداریش لەباشوری ناوچەکەوە بەتەواوی بگاتە سەر ناوچەکانمان تاوە بارانی بەخور و ھەورە تریشقە ناوبەناو لەسەرجەم ناوچەکاندا دەستپێدەکات".

لەنیوەرۆی رۆژی چوارشەمەوە تا بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەمە ١٣-٤-٢٠٢٣ ئەم مەودایە لوتکەی قوڵبوونەوەی ئەم شەپۆلەیە لەسەرتاسەری ناوچەکانی ھەرێمی کوردستاندا ئەگەری بارانێکی زۆر ئەبێت بەجیاوازی کات و شوێنەکان ھەر لەچالاکبوونی ھەورە تریشقە و ھەندێک کات دابەزینی بای توند و بەھێز ( ریاح ھابگە) لە ھەورە بروسکەکانەوە بەخێرای زیاتر لە ٦٠ تا ٨٠کم/س ئەمەش زیاتر لەناوچە نزمەکاندا ئەگەری ھەیە وەک سنوری گەرمیان و پارێزگای کەرکوک و سەنتەری پارێزگای ھەولێر بەگشتی لەو ماوەیە بارانی بەلێزمە و تەرزە لەسەرجەم ناوچەکاندا ئەگەری ئەبێت ، بەدیاری نەکراویش ھەندێ لەتاوە بارانەکان بەرادەیەک بەھێز و بەخوڕ ئەبن کە لەماوەیەکی کەمدا کەمتر لە سەعاتێک ٤٠ تا ٥٠ ملیممەتر دابارینیان ئەبێت".

دەشڵێت" بەگشتی حاڵەتەکە بەھێزە و پێویستە ئامادەکاری بکرێت بۆ ھەر ئەگەرێکی نەخوازراو لە روودانی لافاو لەھەر ناوچەیەکدا چوونکە جیا لە زۆری رێژەی بارانەکە فراوانی مەودای بارانەکە زۆرە کە لەیەک کاتدا پێشبینی دەکرێت رووبەرێکی زۆر لەناوچەیەک بارانەکەی بەخوڕ بێت ئەمەش لە حاڵەتەکانی پێشتر جیاوازە زیاتر ئەبێتە ھۆی دروستبوونی لافاو ".

رۆژی پێنجشەمە ١٣-٤ بەگشتی لەکاتەکانی نیوەرۆوە کاریگەری ئەم ناسەقامگیریە کەمدەبێتەوە و تا رۆژی ھەینی ١٤-٤ ناوبەناو ھەندێک کات تاوە باران و ھەورە بروسکە لەناوچەی جیاجیادا بەشێوەی کورت خایان چالاکەبێتەوە .( ئاراز جەبار دەڵێت ).



PM:03:17:08/04/2023