ژمارەیەك شووقەی میران ستی دەسووتێن
بەڕێوەبەری وەبەرهێنان: ئەگەر بەشداربووان زەرەر بكەن دەبێت قەرەبوو بكرێنەوە


دوو رۆژ پێش جەژنی رەمەزان، ژمارەیەك شووقەی بینایەكی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی میران ستی كە دەكەوێتە بەشی رۆژئاوای سلێمانی دەسووتێت، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی دەڵێت، ئەگەر رادەستی شووقەكان بەو كەسانەی كڕیویانە دوابكەوێت، دەبێت قەرەبوو بكرێنەوە.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو بینایەكی یەكەكانی نیشتەجێبوونی میران ستی لەنهۆمی چوارەمەوە تا نهۆمی 16یەمی دەسووتێت، ئەوەش لە كاتێكدایە وادەیەكی كەم ماوە بۆ رادەستكردنی ئەو شووقانە بە خاوەنەكانیان.

ماڵپەڕی (ٍسپی) پەیوەندی بە ئەندازیار عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی كرد و ناوبراو سووتانی ئەو شووقانەی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند "لیژنەیەكی لێكۆینەوەیان پێكهێناوە بۆ بەدواداچوونی ئەو رووداوە و دۆزینەوەی ئەو كەموكوڕییەی كە بۆتە هۆی سووتانی شووقەكان".

سەبارەت بە قەرەبووی ئەو هاوڵاتیانەی كە وادەی رادەستكردنی شووقەكانیان نزیكبۆتەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "هەر هاوڵاتییەك زەرەر بكات لە دواكەوتنی رادەستكردنی ئەو شووقانە دەبێت خاوەنی پڕۆژەكە قەرەبووی تەواوی بكاتەوە".
  



PM:03:00:24/04/2023