ئاسایشی هەولێر سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی (عەلی مەحمود) ڕوونکردنەوە دەدات

وتەبێژی ئاسایشی هەولێر لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنی (عەلی مەحمود) ڕایدەگەیەنێت" بە تۆمەتی داڵدەدانی داواکراوێک دەستگیرکراوە". 

عەقید سەباح خدر وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، لە لێدوانێکدا بە (رووداو)ی راگەیاند" داواکراوێک بەپێی ماددەی (٤٠٦) لە یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە کوشتن لەلایەن عەلی مەحمودەوە لە ماڵەکەی داڵدەدراوە". 

وتیشی" داواکراوەکە دەستگیرکراوە و عەلی مەحمودیش بە تۆمەتی داڵدەدانی داواکراوەکە دەستگیرکراوە". 

عەلی مەحمود ناسراو بە عەلی سیاسی ڕۆژی ١٤ی نیسانی ئەمساڵ لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی لە ساڵیادی ئەنفالدا ڕایگەیانبوو، خاڵ و کۆمەڵێک لە خزمەکانی بە دەستی باوکی قایمقامی ئێستای هەولێر ئەنفالکراون.

چاودێران و چالاکوان پێیان وایە کە ئەم تۆمەتە هەڵبەستراوە بۆ عەلی مەحمود، گرتنیشی پەیوەندی هەیە بەو ڕەخنانەوە هەیە کە ئاڕاستەی سیاسەتی حکومەتی هەرێم دەکات. 

عەلی مەحمود نووسەر و چالاکوانێکی کوردە کە بە عەلی سیاسی ناسراوە، لە زۆرێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکانی هەرێم بابەتی سیاسی دەنووسێت.


AM:11:06:25/04/2023