هێزە ئەمنییەکان دوو رۆژە چارەنووسی دوو کارمەندەکەی راگەیاندنی پەروێزخان ئاشکرا ناکەن

بەڕێوبەری ئاسایشی گەرمیان ڕەتی كردەوە ئاگاداری دەستگیركردنی هەردوو رۆژنامەنووس ئارام حەسەن و شەرمین عەلی بن کە دوو رۆژە لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە رفێندراون.

ئەمڕۆ هەینی لیوا بەرزان محەمەد فەرەج  بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان بە ڕادیۆی دەنگی لە گەرمیان ڕ‌اگەیاند" ئاگاداری دەستگیركردنی هەردوو رۆژنامەنووس ئارام حەسەن و شەرمین عەلی نین و ئەو بابەتە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە".

خێزانی ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە باسیان لەوەکردوو هەردوو هاوسەرەکە لەماڵی خۆیاندا لەلایەن هێزێکی چاکدارەوە براون لە گەڕەکی شەهیدانی کەلار تائێستا چارەنوسیان نازانن و هیچ لایەن و هێزێک ڕوونکردنەوەیان بۆ نەداون.

ئارام حەسەن، پێشتر بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەروازەی پەروێزخان و شەرمین عەلی بەرپرسی راگەیاندنی دەروازەكە بووە، دواتر بە فەرمانی وەزیری دارایی راژەكەیان لە دەروازەكەوە گوازرایەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی باجی خانوبەرەی گەرمیان،  شەرمین عەلی رۆژنامەنووس بووەو بۆ ماوەی چەند ساڵێك پەیامنێری كەناڵی (KNN) بوو.

ماوەی دوو رۆژە هێزێکی چەکداری دەمامکدار لە گەرمیان، ئەم دوو رۆژنامەنووسەی رفاندووە و تاکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی لە سنووری گەرمیان بەرپرسیارییەتی رانەگەیاندووە.



PM:10:17:28/04/2023