لەسەر داوای پارێزەری تۆمەتبارەکە
دانیشتنی دادگایکردنی دۆسیەی کوشتنی دوو مامۆستاکەی سەڵاحەدین دواخرا

‌وێنە.. ئەرشیف
دوای زیاتر لە (١٠) مانگ لە کوشتنی دوو مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین، ئەمڕۆ یەکشەممە لەسەر داوای پارێزەری "تۆمەتبارەکە" پرۆسەی دادگایکردنەکە لەسەر دۆسیەی کوشتنی دوو مامۆستاکە دواخرا.

برزح سەعید پارێزەری دۆسیەی کوشتنی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەڵاحەدین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" پارێزەری تۆمەتبارەکە لە دادگا داواکارییەکی پێشکەشکرد و داوای دواخستنی دادگاییەکەی کرد، بەوهۆیەوە پرۆسەی دادگایکردنەکە بۆ ١٨ی ئایار دواخرا".

وتیشی" پارێزەری تۆمەتبار بەهۆی نەخوێننەوە و ئاگادار نەبوون لە پەڕاوی دادگا و تۆمەتبارەکە داوای داخستنی کردووە و ئەوەش کارێکی ئاساییە".

ئاماژەی بەوەشکرد، پەڕاوێکی جیاوازیش بۆ باوکی تۆمەتبارەکە کراوەتەوە کە لە دۆسیەکە تێوەگلاوە، بەڵام ئەو سەرجەم ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە کە ئاڕاستەی کراوە، تاوەکو ئێستاش دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگا نەکراوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت باوکی تۆمەتبار ئازاد بکرێت". 

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسا و ئیدریس عیزەت، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر لەلایەن خوێندکارێکی زانکۆی سۆران کوژران.

هەروەها ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە ماڵپەڕی (سپی میدیا)، بەڵگە نامەیەکی بڵاوکردەوە کە واژووی عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی لەسەر بوو، بڕیارەکەش لەسەر فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران/ سەرۆکایەتی دیوان ژمارە (١٨٤٥٥ لە ١٩/١٢/٢٠٢٢)ی دەرچووە، ئەو دوو مامۆستایە بە شەهیدی سەنگەر و بە مووچەیەکی زۆر خانەنشین کراون کە ئەم هەنگاوەش دژی یاسای چاکسازی ساڵی (٢٠٢٠)ی حکومەتی هەرێمە.


PM:04:52:30/04/2023