فڕۆکەخانەی هەولێر هەواڵی دەستگیرکردنی ژنە سیاسەتمەدارێکی کوردستانی رەتکردەوە

فڕۆكەخانەی هەولێر هەواڵی دەستگیركردنی ژنە سیاسەتمەدارێكی باكوری كوردستان لە فڕۆكەخانەكەیان رەتدەكاتەوە.

میدیاكانی نزیك لە پەكەكە، ئەمڕۆ شەممە، بڵاویان كردەوە، ئەزمیە ئارسو، ژنە سیاسەتمەداری كوردو خەڵكی شاری شرناخی باكوری كوردستان، كاتێك ویستویەتی لە هەرێمی كوردستان بچێتە دەرەوەی وڵات لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە فڕۆكەخانەی هەولێر دەستگیركراوە.

بەپێی میدیاكانی نزیك لە پەكەكە، ئەو ژنە سیاسەتمەدارە نەخۆشییەكی سەختی هەیەو ئەمڕۆ شەممە، بەمەبەستی چارەسەر ویستویەتی بچێتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بەڵام لە فڕۆكەخانەی هەولێر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، کەسوکاری ئەو ژنە سیاسەتمەدارە لە بەدواداچوندان بۆ زانینی چارەنوسی ئەزمیە، بەڵام تائێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەوە دەست نەکەوتوە کە لەکوێ زیندانیکراوەو چی بەسەر هاتوە.

لەبارەی هەواڵەکەوە ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە روداوی راگەیاند"ئەو هەواڵە ناڕاستە و هیچ کەسێکیان بەو ناوەوە دەستگیر نەکردوە".

ئەحمەد هۆشیار وتیشی: "دەستگیرکردنی کەسێک لە فڕۆکەخانە ئاسان نییە و بڕیاری دادوەری دەوێت؛ ئەگەر کەسێکیش دەستگیربکرێت، بە دڵنیاییەوە ئاگادار دەکرێمەوە".



PM:06:41:06/05/2023