ئەمەریکا تا ئێستا گومان لە کوشتنی سەرکردەیەکی داعش لەلایەن تورکیاوە دەکات

یەک شەممەی رابردوو ئەردۆغان رایگەیاند ئەبو حسێن ئەلقورەیشی لە جێندرس کوشتووە، ئەمەریکا گومان دەکات لەم چالاکییەی تورکیا.

بەرپرسێکی ئەمەریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" تا ئێستا واشنتۆن هیچی نەبینیوە کە ئاماژە بەوە بکات سەرۆکی دەوڵەتی ئیسلامی بەڕاستی کوژرابێت".

لە لایەکی ترەوە فەرهاد شامی بەرپرسی ڕاگەیاندنی هەسەدە، لە تۆڕی تویتەر دەڵێت" لە ڕاستیدا ئەو کەسایەتییە داعشە، ئەبو حسین قوڕەیشی، کە ئەردۆغان ئاماژەی بە کوشتنی کردووە، لە بنکەیەکی سەربازیی سەر بە گروپی بەکرێگیراوانی ئەحرار شەرقییە کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن جێگیر بووە و لە جندیرێسی عەفرین کوژراوە."

شامی دەشڵێت "هیچ شتێکی نوێ لەم ڕووداوەدا نییە جگە لە کۆتاییهاتنی ئەرکێکی ئەندامێکی داعش کە لە مێژە لەلایەن هەواڵگری تورکیاوە لە عەفرینی داگیرکراو پارێزراو بوو."



PM:11:28:08/05/2023