محمد شیاع سودانى چاکسازی و پێداچوونەوە لە دامەزراوە ئەمنییەکاندا دەکات

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند،"لیژنەیەک پێکدەهێنن کە خۆی سەرپەرشتی دەکات و چاوخشاندنەوە بە کاری دامەزراوە ئەمنییەکان دەکات".

میدیا ناوخۆیەکانی عێراق بڵاویانکردەوە، محەمەد شیاع سودانی لیژنەیەك بۆ پێداچوونەوە بە كاری دامودەزگا ئەمنییەكان پێکدەهێنێت، پێداچوونەوەو چاکسازی لەسەرجەم دامەزراوە ئەمنییەکاندا دەکات.

لەسەر ئەو پرسە سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، "دامەزراوە ئەمنییەکان لە ساڵی ٢٠٠٣ وە هیچ گۆڕانکاری و چاکسازییەکیان بەخۆیەوە نەبینیوە، بۆیە پێویستە پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بەو دامەزراوانەدا بکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاردراوە بە پێكهێنانی لیژنەیەك کە خۆی سەرپەرشتی دەکات بۆ دووبارە چاوخشاندنەوە بە كاری دامەزراوە ئەمنییەكان و دابەشكردنی ئەركەكانیان و خستنەڕووی پلانی چاكسازی.

لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا محەمەد شیاع سودانی زنجیرەیەک گۆڕانکاری لە دامەزراوە ئەمنییەکاندا ئەنجامداوە، بەڵام بەشێک لە لایەنە شیعەکان دژی ئەو هەوڵەی سودانی وەستانەوە بەتایبەت دەوڵەتی یاسا کە زۆرینەی دامەزراوە ئەمنییەکان پێشتر لەلایەن نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراقەوە گۆڕانکارییان تێدا کرابوو کەسانی نزیک لەخۆی لە پۆستە باڵاکانی سوپای و هێزە ئەمنیەکاندا دانابوو.


AM:12:07:27/05/2023