"پارتی داوای سڕینەوەی ماددەیەکی تایبەت بە دانەوەی پاشەکەوتی مووچە دەکات"

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت" پارتی دیموکراتی کوردستان داوا دەکات بڕگەی پێدانەوەی پاشەکەوتی مووچە لاببرێت". 

مستەفا سەنەد ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٣ لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە" یەکێتی بە پاڵپشتی ئێمە ماددەیەکی زیاد کرد کە تێیدا (١٠%)ی مووچەی فەرمانبەران لە قەرزەکانیان (پاشەکەوتی ناچاری) وەربگیرێتەوە، بەڵام دوێنێ پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لابردنی ئەو بڕگەیەی کرد".

ئاماژەی بەوەشکردووە" پارتی دەڵێت ئەمە بابەتێکی ناوخۆی هەرێمە، پێشبینی دەکرێت هێزە سیاسییەکان بە داواکەی پارتی رازیبن".

شەوی پێنج شەممەی ڕابردوو لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەردوو ماددەی (١٣ و ١٤)ی پڕۆژەیاسای بودجەیان جێگیركرد، بەڵام نوێنەرانی پارتی و یەکگرتووی ئیسلامی لە لیژنەکە کشانەوە و هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و جوڵانەوەی نەوەی نوێش دەنگیان بە پڕۆژەیاساکە دا. 


PM:01:20:29/05/2023