لەسەر داوایەکی ئاسایش، سەرنوسەی ماڵپەڕی سپی میدیا چوار کاتژمێر دەستبەسەر دەکرێت

لەسەر داوایەکی ئاسایشی سلێمانی ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٩ ی ئایار شوان محەمەد سەرنوسەری ماڵپەڕی ( سپی میدیا ) لە یەکێک لە بنکەکانی پۆلیس لە سلێمانی بۆ چوار کاتژمێر دەستەبەسەر کرا ( هێشتنەوە).

شوان محەمەد سەرنوسەری ماڵپەڕی ( سپی میدیا ) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" دوێنێ لەلایەن بنکەی پۆلیسی بەختیارییەوە ئاگادارکرامەوە کە داوایەکی یاسایم لەسەرەو دەبێت پەیوەندیان پێوە بکەم".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا سەرنوسەری ماڵپەڕی سپی میدیا وتی" دوای چوونم و کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە، بۆم ئاشکرا بوو کە ئاسایشی سلێمانی داواکەی لەسەر هەواڵێکی ماڵپەڕەکەمان تۆمار کردووەو بە یاسای پەیوەندیەکان تۆمەتم ئاراستە کراوە".

" داواکە لەسەر رووداوەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢ بووە کە فڕۆکەکانی ئێران هێرشیان کردۆتە سەر بارەگاکانی کۆمەڵە لە زڕگیوێز لە نزیک سلێمانی و، بارەگاکانی حزبی دیموکرات لە کۆیە و ناوچەکانی تری نزیک هەولێر".( وەک شوان محەمەد رایگەیاندووە).

 ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە بنکەی پۆلیسی بەختیاری لە سلێمانی دەستبەسەر کراوەو، وتیشی" مامەڵەی پۆلیسی بنکەکە جێگای رێز و سوپاس بووە".

لە کۆتاییدا شوان محەمەد وتی " بە کەفالەتی ٥٠٠ هەزار دینار تا رۆژی دادگاییکردن ئازاد کراوم".




PM:04:26:29/05/2023