ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری ڕاگەیاند کە شەش کەسیان کوشتووە

ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٣ لە ڕاگەیەندراوێکدا دەزگاى ئاسایشى هەرێم دەستگیرکردنى سێ کەسی راگەیاند کە لەسەر کێشەىەکی کۆمەڵایەتی شەش هاوڵاتییان کوشتووە.

لە بەیاننامەیەکدا دەزگاى ئاسایشى هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە بازگەی (بانیمەقان) سێ داواکراوی بە رەگەز عەرەبیان دەستگیرکرد کە لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە داواکراوبون بە پێی ماددەی (٤٠٦) لە یاسای سزادانی عێراقی". 

ئاماژەی بەوەشکردوە" تۆمەتبارەکان (م ، ع ، ح) لەدایکبوی ١٩٦٢ دانیشتوی ناسریە، ( م ، ح ، م ) لە دایکبوی ١٩٩٤ دانیشتوی بەسرە، ( ڕ ، و ، ک ) لە دایکبوی ٢٠٠٠ دانیشتوی ناسڕیە بوون، لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی شەش کەسیان کوشتوە و هەڵهاتون".

ئەوەشی خستۆتەڕو، تۆمەتبارەکان دەیانویست بە ناسنامەی ساختەوە بێنە هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا بە فەرمانی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە، بە ماددەکانی ١٨٩ و ٢٩٨ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و دواتر ڕادەستی دادگای تایبەتمەند دەکرێن. 


PM:12:06:30/05/2023