لێدوانی وەزارەتی دارایی لەبارەی پاشەکەوتی مووچە

وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پەرلەمانتارێکی عێراقدا ئاماژەی بەوەکرد، "بەپێی یاسای بودجە هیچ بڕە پارەیەک خەرج ناکرێت، ئەگەر تەرخانکراوی نەبێت و هیچ گواستنەوەی گوژمەیەکیش لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە ناگوازرێتەوە ئەگەر بە دەق لە یاساکەدا نەهاتبێت".

ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٣ هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند،" ئەمە لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقدا جێگیرکراوە و لە هەموو ساڵانی رابردووشدا هەر وابووە. ئەو لە سەدا١٠ی پاشەکەوتی مانگانەی مووچە کە باسی لێودەکرێت، مانگانە پێویستی بە زیاتر لە ٩٠ ملیار دینار و ساڵانەش پێویستی بە زیاتر لە یەک ترلیۆن دینارە. ئەم بڕە پارەیە چۆن دابیندەکرێت با پێمان بڵێن، ئەگەر پێشنیاری پێدانەوەی پاشەکەوتی مووچە جێگیرکراوە، سوپاستان دەکەین، بەڵام فەرموون پارەی بۆ تەرخان بکەن. با سەدا١٠ نەبێت، با سەدا٢٠ و ٣٠بێت، بۆ ئەوەی بتوانین لە زووترین کاتدا پاشەوکەوتی مووچە بدەینەوە مووچەخۆران".

سەبارەت بە یاسای بودجە کە هەرێمی کوردستان ماوەی نۆ ساڵە نییەتی، هونەر جەمال ئاماژەی بەوەکرد، لە ساڵانی رابردوودا داهاتی جێگیریان نەبووە (وەکو وەزارەتی دارایی) و ژمارەیەکی راستییان لەبەردەستدا نەبووە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەو ژمارەیە یاسای بودجە دابڕێژن و بچێتە پەرلەمانی کوردستان و لەوێ پەسەند بکرێت.

 وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی باسی لەوەشکرد، پرسی یاسای بودجەی هەرێم لە کابینەکانی حەوت و هەشتیش هەر هەبووە، بەڵام ئەگەر ئاستەنگی سیاسی و یاسایی بۆ یاسای بودجەی هەرێم دروست نەکرێت، دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای ئەمساڵی بودجەی عێراق، ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی دەستدەکەین بە ئامادەکاریکردن بۆ دارشتنی یاسای بودجە و بۆ ئەوەی دواتر بچێتە پەرلەمانی کوردستان و پەسەند بکرێت.



PM:02:09:30/05/2023