ھاوسەرۆکانی ھەدەپە بۆ کۆنگرەی داھاتووی پارتەکەیان خۆیان کاندید ناکەنەوە و بڕیاریانداوە دەستلەکار بکێشنەوە.
پەروین بوڵدان و مدحەت سانجار ھاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایاگەیاند،" لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانی و سەرۆکایەتییەکەی مانگی رابردوو نەمانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبھێنن، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشھات و گۆڕانکارییانەی بەم دواییە ھاتوونەتە ئاراوە، بڕیارماندا لە چەند مانگی داھاتوودا کۆنگرەی ھەدەپە بەڕێوەبچێت، چونکە ئامانجمان لە ھەڵبژاردندا بەدی نەھات و وەک ھاوسەرۆکانیش ئامادەین پارتەکەمان لێپرسینەوەمان لەگەڵ بکات لەسەر ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن".
ئاماژەیان بەوەشکرد، وەک ھاوسەرۆکانی ھەدەپە بڕیاریانداوە لە کۆنگرەی داھاتوودا دەستلەکار بکێشنەوە و خۆیان بۆ ھیچ پۆستێک کاندید نەکەن.
جەختیشیان کردەوە، سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و گوڵتان کشاناکیان کردووە و لەسەر ھەموو ئەگەر و پێشھات و کەموکوڕییەکان قسەیان کردووەو لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنیشدا جگە لە خۆیان پشتیان بە ھیچ ھێز و لایەنێکی تر نەبەستووە.