لایەنە کوردیەکان بەبێ نەوەی نوێ پێشنیازێک لەسەر پاشەکەوتی مووچە بە ١٢% دەدەنە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق

لایەنە کوردیەکان بەبێ نەوەی نوێ پێشنیازێک لەسەر پاشەکەوتی مووچە بە ١٢%  دەدەنە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کە پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەران بە هاوبەشی لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق، بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دابەشبکرێت.
 
١٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٣، خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند "فراکسیۆنەکەیان پێشنیازی کردووە پرسی دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی بێت لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کە مانگانەی ١٢%ـی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بدرێتەوە".
 
خەلیل دۆسکی ئاماژەی بەوەش دا، پێشنیازەکە بەو جۆرەیە؛ بەشێک لە پارەی پاشەکەوتی مووچە لە داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و بەشەکەی دیکەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە تەرخان بکرێت و هەردوولا لەوبارەیەوە لێکتێگەیشتنیان هەبێت.
 
بڕیارە ئەمشەو پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی و مادەی ١٤ تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و بڕیارە ئەو پێشنیازەی فراکسیۆنی پارتی لەو مادەیەدا جێگەی بکرێتەوە.
 
خەلیل دۆسکی وتیشی "واژۆمان بۆ پێشنیازەکە کۆکردووەتەوە و رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە، بڕیارە بخرێتە دەنگدانەوە بۆ ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی جێگەی بکرێتەوە".
ئەم یاداشتە واژووی سەرۆکی هەموو فراکسیۆنە کوردیەکانی لەسەرە، جگە لە نەوەی نوێ کە پێیوایە حکومەتی عێراق نەچێتە ژێڕباری ئەم پارەیە.
ئەم برگەیەش لە مادەی ١٤ گفتوگۆی لەسەر نەکراو دواکەوت بۆ مادەکانی دوایی.
 


PM:10:42:10/06/2023