"پارتی و یەکێتی شکستیان بە جێگیرکردنی بڕگەی گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە هێنا"

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی رەتكردنەوەی گێڕانەوەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن" پارتی و یەکێتی لەگەڵ هەندێک لایەنی عێراقی بەرێککەوتنێکی پێشوەختە، شکستیان بە جێگیرکردنی بڕگەی گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە هێنا". 

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژە بەوە دەکەن" بە داخەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ وەک پیشەی هەمیشەییان، پارتی و یەکێتی جارێکی تر و لە دژی دەستکەوتێکی تر بۆ خەڵکی کوردستان، لەگەڵ هەندێک لایەنی عێراقی بەرێککەوتنێکی پێشوەختە، شکستیان بە جێگیرکردنی بڕگەی گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە هێنا، بەخستنە روی پێشنیازێکی تر کە گەرانەوەی پاشەکەوتیان خستبوە سەر حکومەتی عێراق". 

دەشڵێن" خەڵکی کوردستان و مووچەخۆرانیش دەزانن، ئەو کاتەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەستی دایە ئەوکارە و رێوشوێنەکانی جێگیرکردنی لە بودجەدا گرتەبەر، پارتی و یەکێتی جگە لە دژایەتی ئاشکرا و نهێنیان بۆ بابەتەکە، بگرە گاڵتەشیان بە هەوڵەکە دەکرد". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" کەچی بێشەرمانە هەردوو حزبی دەسەڵات کە خۆیان داهێنەر و ئەنجامدەری لێدزینی مووچەی مووچەخۆران بوون، لەناکاودا کەوتنە باسی بابەکە و وایان نیشان دەدا کە ئەوانیش داوای دەکەن، بەڵام لە شەوی دەنگدان بە بڕگەکەدا دەرکەوت کە چ پلانێکیان هەبووە و چۆن لەگەڵ هەندێک لایەنی عێراقی رێککەوتوون تا لە دەنگداندا بڕگەکە بخەن، هەر بۆیە ئێمەش زوو لە دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی یاساییمان لەسەر بابەتەکە تۆمار کرد". 

جەختیش دەکەنەوە" ئێمە وەک لەسەرەتاشەوە باسمان کرد کە واز لەم بابەتە ناهێنین، پێمان وایە کە ئەمەش دوا وێستگە نییە و لە دوای ئەمەوە رێگەی یاسا دەگرینە بەر بۆ گێڕانەوەی ئەو مافەی مووچەخۆران". 


PM:12:51:12/06/2023