نەوەی نوێ سکاڵای لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد تایبەت بە گێڕانەوەی پاشەکەوت

نەوەی نوێ سکاڵای لە دادگای فیدڕاڵی عێراق تۆمارکرد لەسەر دانیشتنەکەی دوێنێی پەرلەمان تایبەت بە بڕگەی گێڕانەوەی پاشەکەوت.

بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە، بە ئامادەبوونی ٢٢٩ پەرلەمانتار لە نزیک کاتژمێر ٥ی بەرەبەیان پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق پەسەندکرا و تێپەڕێندرا.

پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق کە لە ٦٧ ماددە پێکهاتبوو، کە هەندێکیان بە زۆرینە تێپەڕێندران و هەندێکیشیان لابران لە پرۆژەیاساکە کە بریتیبوون لە ماددەکانی ٤ و ٢٢ و ٤٢ و ٦٤. هاوکات، ماددەی ١٥ کە دوای مشتومڕیکی زۆر و وەستاندنی دانیشتنەکە لە کۆتاییدا پەسەند کرا، بە گوێرەی ناوەڕۆکی ئەو ماددەیەش، ١٥٠ هەزار کەس بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق بە گرێبەست دادەمەزرێندرێن.

هاوکات بڕگەی گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران لە ماددەی ١٤دا لابرا کە پێشتر نەوەی نوێ جێگیری کردبوو.

پاش لابردنی بڕگەکە نەوەی نوێ ٦٦ واژۆی کۆکردەوە بۆ دووبارە دەنگدان لەسەر بڕگەکە، بەڵام پرژەیاسای بودجە دەنگی لەسەردرا و تێپەرێندرا بەبێ گێڕانەوەی ئەو بڕگەیە.

سکاڵاکەی نەوەی نوێ لەسەر هەژمارکردنی دەنگەکانە، چونکە بە وتەی نەوەی نوێ بڕگەکە دەنگی پێویستی هێناوە، بەڵام دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ڤیدیۆی دەنگدانەکە بڵاوناکاتەوە.



PM:02:55:13/06/2023