ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی ( ١٠ ) تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر ڕاگەیاند

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی ( ١٠ ) تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر ڕادەگەیەنێت.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لەئاماری کاروچالاکییەکانی خۆیدا ئاشکرایکرد لە ماوەی ( سێ ) مانگدا ( ١٠ ) کەس بەتۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون.

لەڕاگەیاندەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێم دا هاتووە ،لەپێناو کۆمەڵگەیەکی تەندروست و سەقامگیربونی دۆخی ئابوری هاوڵاتیان و ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوە و بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر ، هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی بەفەرمانی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە، تەنها لەماوەی مانگەکانی ( ٥,٤,٣ ی ٢٠٢٣ ) توانیویانە ( ١٠ ) تۆمەتبار دەستگیربکەن ، کە پێکهاتوون لە سێ بازرگان و حەوت بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر ، هەروەها زۆرترین ئەو ماددانەی بەکاریان هێناوە لە جۆری ( حەشیش و کریستاڵ )ن ،تۆمەتبارەکانیش دانیشتوی ناوچە جیاوازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانن و لە نەتەوەی کورد و عەرەبن ، یەکێک لەتۆمەتبارەکان ژنە .

هاوکات ئاماژەی بەوەشدا سەرجەم تۆمەتبارەکان بەپێی ماددەکانی ( ٢٦ و ٣٠ ) لەیاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە .


PM:09:13:17/06/2023