كه‌سوكاری دوو مامۆستا كوژراوه‌كه‌: بەناوی بنەماڵەی بارزانییەوە هەڕەشەی کوشتنیان کرد

بنەماڵەی ئەو دوو مامۆستایەی زانکۆی سەڵاحەدین کە لەلایەن خوێندکارێکەوە کوژران ڕایانگەیاند" تا ئێستا بکوژ دادگای نەکراوە و لە جیاتی دادگاییکردنی بکوژ، گاڵتە بە هەستمان دەکرێت"، دەشڵێن" باوکی تاوانبار پێش ئەنجامدانی تاوانەکە پەیوەندی تەلەفۆنی کردووە و بە ناوی بنەماڵەی بارزانی هەڕەشەی کردووە". 

کەسوکاری دوو مامۆستا کوژراوەکەی زانکۆی سەڵاحەدین، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم دادگای هەولێر، رایانگەیاند" وەکو کەسوکاری د. ئیدریس عیزەت و د. کاوان ئیسماعیل کە ساڵێک پێش ئێستا بە دەستی تیرۆرستێکی دژ بە زانست و پەروەردەیەکی نادروست و بیروباوەڕێکی ناشیرن لە شاری هەولێر شەهیدکران، بەڵام لە دوای یەک ساڵ لە ئەنجامدانی تاوانەکە و بەڕێوەچوونی شەش دانیشتنی دادگا کە هەر جارە و بە هۆکارێکی ناڕەوا دادگاییکردنی تاوانبار داخراوە".

دەشڵێن" لەبری ئەوەی لە خەم و ئازاریان بە دادگاییکردنی تاوانبار کەمبکەنەوە گاڵتە بە هەست و شعوری کەسوکاری هەردوو شەهید دەکەن".

ئاماژەیان بەوەشکرد" باوکی تاوانبار ماوەیەک پێش ئەنجامدانی تاوانەکە پەیوەندی تەلەفۆنی کردووە بە د. ئیدریسەوە و بە ناوی بنەماڵەی بارزانی هەڕەشەی کوشتنی لێکردوە، دواجار لە رێگەی کوڕە تاوانبارەکەیەوە هەڕەشەکەی جێبەجێکردوە، دوا بە دوای تاوانەکە باوکی هەشت مانگ بە هۆکاری هەڕەشەکردن دەستگیرکراوە و دواتر ئازادکراوە، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا تاوانە، چونکە باوکی تاوانبار پاڵپشتی تاوانبارەکە بووە و پلانی بۆ داناوە".

 باسیان لەوەشکرد" ئێمە چیتر بێدەنگ دانانیشین‌ و دەزانین یاسا تۆڵەمان بۆ ناکاتەوە، بۆیە لە ڕێگەی شەرعی خواوە تۆڵە دەکەینەوە واتا خوێن بەخوێن". 

لە ڕۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، هەریەک لە کاوان ئیسماعیل راگری کۆلێژی یاسا و ئیدریس حەمە خان مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر لەلایەن خوێندکارێکی زانکۆی سۆرانەوە کوژران.


PM:12:23:19/06/2023