لەسەر دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان پێش جەژنی قوربان زانیاری نوێ ڕاگەیەندرا

وەزارەتى دارایى هەرێم ڕایدەگەیەنێت" هەفتەى داهاتوو سەرجەم دامودەزگاکانى حکومەت ئەو وەزارەتانەى ماون تاوەکو رۆژى عارەفە موچە وەردەگرن". 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتى دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سایتی (ئێن ئاڕ تی) ڕاگەیاند" بڕیاردراوە هەفتەى داهاتوو سەرجەم ئەو وەزارەت و دەستانەى ماون لە ماوەى پێنج رۆژدا مووچەى مانگى پێنج وەردەگرن". 

وتیشی" بەبێ پارەکەى بەغدا کە ماوە بینێرێت، دەتوانن موچە بدەن و بۆ ئەم مەبەستەش پشت بە قەرزى ناوخۆی دەبەستن بۆ تەواوکردنى ئەو کورتهێنانەى لە مووچەى ئەم مانگەدا دروست بووە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەت چاوەڕوانى رەوانەکردنى پارەى دیکەیە لەلایەن حکومەتى بەغداوە، ئەگەر نەینێرێت ئەوا پلانى دووەمیان ئەوەیە کە لە داهاتى ناوخۆ و خاڵە سنووریەکان مووچەى تەواوى ئەو وەزارەتانەى ماون لە پێش جەژنى قوربان دابەش بکەن.

ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە حکومەتى هەرێم بڕیاریدا موچەى مانگى پێنج دابەشبکات، یەکەم وەزارەتیش لە وەزارەتى تەندروستییەوە دەستیپێکرد، هەروەها ئەم هەفتەیەش تەنیا مووچەى دیوانى وەزارەتى پێشمەرگە و یەکەکانى ٧٠ و ٨٠ و وەزارەتى دارایى و دامودەزگا نەوتیەکان و بەڕێوەبەرایەتى گشتى رەگەزنامە مووچە وەردەگرن.


PM:04:30:21/06/2023