سەبارەت بە وەرگرتنەوەی قەرزی پێشینە و هاوسەرگیری روونكردنەوە دەدرێت


بەڕێوبەرایەتی گشتی بانكە پسپۆڕییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابوری رایدەگەیەنێت "لە بنەڕەتدا بۆ كارئاسانی خاوەن قەرز و كەفیلەكان دەرچووە و لە بڕی ئەوەی كۆی مووچەی كەفیلەكە رابگیرێت، لەمەودوا تەنها یەك لەسەر پێنجی مووچەی مانگانە دەبڕدرێت".

بەڕێوبەرایەتی گشتی بانكە پسپۆڕییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "سەبارەت بە رێنمایی دارایی ژمارە (9)ـی ساڵی 2023 تایبەت بە وەرگرتنەوەی قەرز و گەڕاندنەوەی پشكی پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە لە دەستەبەر (كەفیل)، پێدانی قەرز و بەدەستهێنانەوەی بەپێی یاسای عێراقی ئەنجامدراوە و لە ساڵانی رابردوودا حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی رەچاوی قەیرانی دارایی كردووە و ئاسانكاری زۆری پێشكەشكردووە بۆ چۆنیەتی گەڕاندنەوەی قەرزەكان و چەند جارێك بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لێخۆشبوونی تەواو كراوە لە هەموو سزا كەڵەكەبووەكان و داشكاندنی 15% بۆ كۆی گشتی قەرزەكان".

روونكردنەوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "رێنماییەكە لە بنەڕەتدا بۆ كارئاسانی خاوەن قەرزو كەفیلەكان دەرچووە و لەبڕی ئەوەی كۆی مووچەی كەفیلەكە رابگیرێت، لەمەودوا تەنها یەك لەسەر پێنجی مووچەی مانگانە دەبڕدرێت، ئەگەر قەرزار ئامادە نەبوو لەماوەی دوو مانگ قەرزە كەڵەكەبووەكانی بگەڕێنێتەوە، ئەو لێبڕینەش بە یاسا و بڕیاری دادگا رێكخراوە، تەنیا ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە فەرمانبەرن و بوونەتە كەفیلی هاووڵاتی و تەنیا بۆ سێ جۆر قەرزە كە ئەوانیش قەرزی خانووبەرە، نیشتەجێبوون و هاوسەرگیرییە".

هەروەها دەڵێت "بەپێی رێنماییەكە خاوەن قەرز ئیجبار نەكراوە لەماوەی دوو مانگەكە هەموو قەرزەكە بگەڕێنێتەوە، ئەگەر هەر كەس نەیتوانی لەو ماوەیە قەرزەكە بداتەوە دەتوانێت لەگەڵ كەفیلەكەی رێك بكەوێت و مانگانە ئەو بڕە پارەیە بداتە كەفیلەكە كە لە مووچەكەی دەبڕدرێت".

بەڕێوبەرایەتی گشتی بانكە پسپۆڕییەكان، ئاگاداری هاوڵاتیانیش دەكاتەوە كە هیچ گۆڕانكاریەكی جیاواز و بنەڕەتی لە شێوازی وەرگرتنەوەی قەرزەكان نەكراوە و كەسی كەفیلیش بە ویستی خۆی ئەو پابەندێتییەی خستۆتە ئەستۆی خۆی، بەپێی یاساش وەزارەتی دارایی و بانكە پسپۆڕییەكان دەسەڵاتی لێخۆشبوونیان لە هیچ بڕێكی قەرزەكە نییە.



PM:11:01:04/07/2023