سەرەتای مانگی داهاتوو دادگای فیدراڵی لەسەر پاشەکەوتی مووچە کۆدەبێتەوە

بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە. 

لەمبارەیەوە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەمشەو چوارشەممە لە پەیامێکدا رایگەیاند" دادگای فیدراڵی رۆژی ٢٠٢٣/٨/١ی دانا تایبەت بە سکاڵای ئێمە لەسەر پاشەکەوتی موچە". 

دەشڵێت" ئیشێک کە بەڵێنمان دا ئەوا لە کۆڵی نابینەوە تا نەیگەێنینە ئەنجام، هەم پاشەکەوت و هەمیش  راگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانمان بردۆتە دادگای فیدراڵی". 

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ جەختیش دەکاتەوە" چۆن کارە نایاساییەکانی تریانمان هەڵوەشاندەوە، ئەمەش هەڵدەوەشێنینەوە بە هەر رێگایەک بێت". 

بەرەبەیانی ڕۆژی ١٢ی مانگی ڕابردوو لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ماددەی تایبەت بە گێڕانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران دەنگی پێویستی نەهێنا و رەتكرایەوە.


PM:09:46:05/07/2023