پارتی: سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هاوپەیمانان جێگەی نیگەرانییە

کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی ئەنجامدا، تیایدا نیگەرانی سیاسەت و بەرنامەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشاندەدات کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە. 

كۆمیتەی ناوەندی پارتی لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژەی بەوەكردووە" سیاسەت و بەرنامەكانی ئەمریكا لە خورهەڵاتی ناوەراست بە شێوەیەكی گشتی بووەتە مایەی نیگەرانی هاوپەیمانەكان، بەشێك لەم لێكەوتانە راستەوخۆ هەندێكیش ناراستەوخۆ كاریگەریان لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە". 

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" کۆبونەوە پاڵپشتی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دوپاتکردەوە و هەنگاوەکانی بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بەرزنرخاند و هەروەها هەوڵەکانیان لە چارەسەری بابەتی بودجە و دابینکردنی موچە و بژێوی ژیان و ئەمنیەتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە پەسەندزانی".

ده‌قی راگەیاندراوەکە: 

بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆك، كۆمیتەی ناوەندی پارتیمان ئەمڕۆ چوارشەممە 12/7/2023 بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆك و ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی و ئەندامە یەدەگەكان و بەرپرسانی لقەكانی پارتیمان كۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجامدا.

دوای گفتوگۆ  و بیروڕا گۆڕینەوە لە سەر بابەتە هەنوكەیی و گرنگ و كاریگەره‌كان لە جیهان و ناوچەكە بە گشتی و، عێراق و كوردستان بەتایبەتی، ئەم تەوەرانەی خوارەوە مناقەشەكران و، بۆ ئەو بابەتانەی كه‌ پێویستبوو بڕیاریان بۆ وەرگیرا:

1. تەوەری یەكەم: بارودۆخی گشتیی نێودەوڵەتی: رووداوەكانی ئێستای جیهان بەشەڕ و بەهاوپەیمانی، گۆڕانی هاوكێشە سیاسی و عەسكەریەكان و قەیرانەكان لێكەوتەیان لەو رووانەوە بۆسەر تەواوی دەوڵەتان هەیە و، سیاسەت و بەرنامەكانی ئەمه‌ریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی گشتی بووەتە مایەی نیگەرانی هاوپەیمانەكان. بەشێك لەم لێكەوتانە راستەوخۆ هەندێكیش ناڕاستەوخۆ كاریگەریان لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە.

2. تەوەری دووەم: بارودۆخی هەرێمایەتی: پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌ گفتوگۆی لە سەركرا و، بە پێویستزانرا رێز لە سەروەریی وڵاتان بگیرێ‌ و پاراستنی ئەمنیەتیان بە گرنگ دەزانرێ، نابێ‌ لە هەرێمەوە هەڕەشە ئاراستەی ئەو وڵاتانە بكرێت و پێویستە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە بواری سیاسی و ئەمنی و ئابووری لەبەرچاو بگیرێ‌ و بپارێزرێ‌.

3. تەوەری سێیەم: بارودۆخی عێراق: بابەتی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت باسكرا بەتایبەتی ئەو پاشەكشێیەی بەرامبەر پێكهاتەكانی نێو هاوپەیمانیەتیەكە هەستپێدەكرێ‌ و، جێبەجێنەكردنی مادەكانی ئەو رێككەوتن و هاوپەیمانیەی كە حكومەتی لە سەر تەشكیلكراوە جێی نیگەرانی جددییە و لێكەوتەی ئەم شێوە مامەڵەكردنە لەگەڵ هاوپەیمانیەتیەكە زیانی بۆ كۆی حوكمڕانی عێراق دەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەم پاشەكشێیه‌ی بەشێكی لایەنەكان كه‌ روویداوە، پشتگیری سەرۆكوەزیرانی حكومەتی فیدراڵی دەكەین و هیوادارین بەسەر ئاستەنگ و رێگرییەكان سەركەوتووبێت لە جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەكه‌ی كە رێككەوتنی لە سەركراوە.

4. تەوەری چوارەم: كۆبوونەوە پاڵپشتی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و هەنگاوەكانی بۆ چارەسەری كێشە و گرفتەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ بەرزنرخاند و هەروەها هەوڵەكانیان لە چارەسەری بابەتی بوودجە و دابینكردنی مووچە و بژێوی ژیان و ئەمنییەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە پەسەندزانی.

5. تەوەری پێنجەم: تەوەری بارودۆخی ناوخۆی هەرێم: هەڵبژاردن و هەڵوێستی پارتیمان سەبارەت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەو هەنگاوانەی كە تاكو ئێستا هاوێژراون لە سەرۆكایەتی هەرێم و كۆبوونەوە لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق، هەروەها هەنگاوەكانی پارتیمان بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی هەرێم و ڕەخساندنی كەش و هەوایەكی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بۆ ئەم مەبەستەش زیاتر رێكخستنەوەی پەیوەندییەكان لە نێوان لایەنەكانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی و رێككەوتن لە سەر رێكارە یاساییەكان. لەو پێناوەدا بەردەوامدەبین لە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ لایەنەكان و هەوڵدەدەین ئاستەنگ و كێشەكان چارەسه‌ربكەین و ئیدارەی بارودۆخەكە بدەین بەشێوەیەك جیاوازییەكان ڕێگرنەبن لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن و سیاسی دا.

6. تەوەری شەشەم: بارودۆخی ناوخۆی پارتیمان: بەڕوونی باس لە شێوازی كاركردنی ئۆرگانەكان و كاركردنی هەڤاڵانی بەرپرس و كادیرەكان لەم قۆناغەدا كرا، بەتایبەتی گرنگیدان و پابه‌ندی بە پڕۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆ، هەروەها بایەخدان بە بابەتی ئافرەت و گەنج و كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگەكان لە ئەولەویاتی كارەكان بێت. هه‌روه‌ها سەبارەت بەو پەلامار و هێرشانەی دەكرێتە سەر پارتی، دەبێ‌ هەوڵەكانمان لە ئاستی مێژوو و گەورەیی رێبازی بارزانی دابن و لە ئاستێك دابن كە ئاشتی كۆمەڵایەتی و پرنسیپەكانی ڕاگەیاندن ڕەچاوبكرێت.

لە لایەكی دیكەوە تەئكید لە پەیوەندیی ئەندامان و كادیرانمان لەگەڵ جەماوەر كرایەوە بۆ بەهێزكردنی هزری نەتەوەیی و نیشتیمانی، هەروەها هاندانی هەڤاڵانمان بۆ بەره‌نگاربوونەوەی هەندێ‌ دیاردەی دزێو كە تێكدەری بارودۆخی كۆمەڵاتی و خێزانین وەكو مادده‌ی هۆشبەر. لە كۆتاییدا تەئكید لە پەیرەوكردنی رێنماییەكان كرایەوە.

كۆبوونەوەی فراوانی كۆمیتەی ناوەندیی

پارتی دیموكراتی كوردستان


PM:07:13:12/07/2023