دەستگیرکردنی باندێکی ساغکردنەوەی دراوی ساختە ڕاگەیەندرا

دەزگای ئاسایشی هەرێم رایدەگەیەنێت" هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی باندێکی سێ کەسیان بە تۆمەتی ساغکردنەوەی دراوی ساختە دەستگیرکردووە". 

دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزور، باندێکی سێ کەسی دەستگیردەکەن کە بە نیازی ساغکردنەوەی دراوی ساختەبوون، هەروەها دەستدەگرن بەسەر بڕێک دراوی دۆلار و دیناری ساختەدا". 

ئاماژەی بەوەشکردووە" دوای بەدواداچون و لێکۆڵینەوە لەسەر فەرمانی دادوەر لە ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە باندێکی ساغکردنەوەی دراو کە پێکهاتون لە (ژنێک و دوو پیاو) لەناو شاری سلێمانی و هەڵەبجە دەستگیرکران، بە ناوەکانی، (ه ، ق ، ت) لە دایکبوی ساڵی ١٩٨١، (ڕ ، ج ، ) لە دایکبوی ساڵی ١٩٩٣، (خ ، ت ، ح) لە دایکبوی ساڵی ١٩٦٧".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی دەستیانگرتوە بەسەر بڕی سێ هەزار و ٨٠٠ دۆلاری ساختە لە جۆری پەنجا دۆلاری و ١٠٠ هەزار دیناری چاپی عێراقی لە جۆری بیست و پێنج هەزار دیناری و لە ئێستادا بەپێی ماددەی ٢٨١ لە یاسای سزادان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەیان بەردەوامە". 


PM:08:07:12/07/2023