خۆپیشاندەران باڵیۆزخانەی سویدیان لە بەغدا سووتان



بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە سەدان کەس هەڵیانکوتایە سەر دەروازە سەرەکییەکانی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداو سووتانیان، ئەمەش وەک  ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە ڕێککەوتنی پۆلیسی سوید بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران لەناو دەوری باڵیۆزخانەکەدا دەردەکەون و دوکەڵ و ئاگر لە باڵەخانەکەوە دێت.

شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن کە خۆپیشاندەران دوای داگیرکردن و سووتانی بەشێک لە باڵیۆزخانەکە کشاونەتەوە، ئەمەش وەک ئاماژەی بۆ دەکەن " ناڕەزایەتیی دەربرێنێکە بەرامبەر هەڵوێستەکانی سوید کە رێگای بەو گەنجە عێراقییە دا کە مانگی رابردوو لەو وڵاتە  قورئانی بسووتێنێت".

لەم رووداوەدا هیچ کارمەندێکی سوید لە باڵوێزخانەکەدا زەرەری پێنەگەیووەو پارێزراون. 

سویدیش بەتوندی ئەم دەستدرێژیەی سەرکۆنە کردو بەرپرسیارێتی خستە سەر حکومەتی عێراق.





AM:08:59:20/07/2023