ئەمەریکا هەڕەشەی بڕینی یارمەتییەکانی لە هێزی پێشمەرگە دەکات

بەهۆی ناکۆکی لە وەزارەتی پێشمەرگەو یەکنەگرتنەوەی هێزەکانی یەکێتی و پارتی، ئەمەریکا هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکانی دەکات.

سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە" جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا هۆشداریداوەتە بەرپرسانی هەرێم لە بەرامبەر ئاستەنگەکانی بەردەم چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو داوای هێنانەوەی شۆڕش ئیسماعیل ی وەزیری پێشمەرگەی کردووە بۆ ڕاییکردنی کاروبارەکانی".

ڕۆژی ٢١ ی تەموز، شاندێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بەسەرۆکایەتی دانا سترۆڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە شاری هەولێر لەگەڵ مەسروربارزانی سەرۆکی حکومەت و هەندێک لەفەرماندەکانی پێشمەرگەدا کۆبوویەوە. دواتر سەردانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتیشی کرد و گفتووگۆی لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ کرد.

سەرچاوە باڵاکە لە وەزارەتی پێشمەرگە بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت بەو میدیایەی راگەیاندووە" پەیامەکانی جێگری وەزیری بەرگری ئەمەریکای بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاشکرا کرد کە ئەمەریکا نیگەرانە لە ئاستەنگەکانی بەردەم چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە بە بەرپرسانی هەرێمی وتووە: ناتوانین پاڵپشتییەکانمان بۆ ئێوە بەردەوام بێت، گەر دۆخی وەزارەت بەمشێوەیە بمێنێتەوە و پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی پێشمەرگە بەڕێوەنەچێت."

هەروەها دەشڵێت"حزبایەتی بەتەواوەتی ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر کاروبارەکانی وەزارەت و ململانێکان بە ئاشکرا هەستیان پێدەکرێت، لەکاتێکدا هاوپەیمانان دەیانەوێت قۆناغ قۆناغ هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ی پارتی و یەکێتی یەکبخەنەوەو حزبایەتی لەو وەزارەتەدا کاڵ بکەنەوە."
هەفتەی ڕابردوو، جارێکی تر کێشمەکێش و ململانێی توند لە نێوان یەکێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە سەریهەڵدایەوە، بەهۆی چۆنیەتی دابەشکردنی پۆستەکان و پلەبەرز نەکردنەوەی هەندێک فەرماندەی یەکێتی لە نێو ئەو وەزارەتە.

 
 



PM:09:44:21/07/2023