لەسەر دەستگیرکردنی هونەرمەندێکی کورد ڕوونکردنەوە دەدرێت

هونەرمەند سامان یاسین خەڵکی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای دەستگیرکردنی لە لایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و تائێستا چارەنووسی نادیارە، پەیامێکی دەنگی لە بەندیخانەی ڕەجاییشاری کەرەج بڵاوکردەوە و داوای پشتیوانی جەماوەری خەڵک دەکات.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سامان سەیدی، ناسراو بە سامان یاسین، ڕاپەر و ئاوازدانەری کوردی تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری کرماشان، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی دەنگی جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ تاوانێکی نەکردووە و دەستگیرکردنی هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.

ئەم هونەرمەندە ناڕازییە لە بەشێکی پەیامەکەیدا وێڕای ئاماژەدان بە ناکارامەبوون و بایەخنەدان بە دۆسیەکەی لەلایەن دادوەر "سەڵواتی" لە ڕەوتی دادگاییکردنی ناوبراودا وتی" دادوەر سەڵواتی پارێزەرێکی دەستنیشانکراوی بۆم دیاریکردووە، هاوکات ئەو پارێزەرە دیاریکراوەشی لە دەستپێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی بێبەری کردووە".

سامان یاسین وتیشی" مەبەست لەو هەموو هەوڵ و درۆ و پڕوپاگەندانە، تەنیا بۆ ئەشکەنجەی دەروونی و ئەزیەتکردنی ناوبراو بووە و ڕایگەیاند کە دادوەری دۆسیەکەی زۆر نادادپەروەرانە بووە و ئەو دادگایەش لە پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکە سەرڕاست نەبووە". 

سامان یاسین لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە" ئەگەر هەر تاوانێکم هەیە بیخەنە ڕوو، ئەگەریش هیچم نەکردووە لە خۆڕا تاوانبارم مەکەن و ئازادم بکەن، بۆچی هێشتا چارەنووسم ناڕوونە و یەکلایی ناکەنەوە، ئەگەر سەد ساڵی دیکەش لەو دۆخە بمێنمەوە و هەر دەستبەسەر بم، بێگومان هیچ شتێکتان لە من دەست ناکەوێت، چونکە بەڕاستی هیچم نەکردووە و بێتاوانم".

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، گۆرانیبێژ و ڕاپەڕی خەڵکی کرماشان دانیشتووی شاری تاران، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ بەهۆی پشتیوانی کردنی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ماڵەکەی خۆی دەستگیرکرا. 

سامان یاسین چەندین گۆرانی کوردی لەسەر دۆخی بێکاری، زوڵم و زۆرەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوکردووەتەوە، هەروەها لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام بە بڵاوکردنەوەی چەندین پۆست و ستۆری پشتیوانی خۆی لە شۆڕش و سەرهەڵدانی ئەم دواییەی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕیووە. 


AM:11:46:22/07/2023