"پیلانێكی مەترسیدار" لە دژی شێروان شێروانی ئاشكرا دەكرێت


نوێنەری زیندانیان بادینان رایدەگەیەنێت "پیلانێكی مەترسیدار دژی شێروان شێروانی ھەیە، داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەری و دەستھەڵگرتنی ئەم كابینە پۆلیسییە لە دادگاكاندا دەكەین".

ئەیهان سەعید، نوێنەری زیندانیان بادینان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "پیلانێكی مەترسیدار دژی شێروان شێروانی ھەیە، داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەری و دەستھەڵگرتنی ئەم كابینە پۆلیسییە لە دادگاكاندا دەكەین"، ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "مانەوەی لە چاكسازی گەورانی ھەولێر مەترسی تەسفیەكردنی بە "تیرۆری بایلۆجی" ھەیە (لەنێو زیندانیش سیخور بۆ چاودێریكردنی دانراوە) و پێویستە بۆ سەلامەتی گیانی لە زووترین كاتدا بۆ چاكسازی سلێمانی بگوازرێتەوە كە مافێكی ئاسایی و یاسایی خۆیەتی".


دەقی راگەیەنراوەكە..


بۆ/ ڕای گشتی
بۆ/ لایەنە پەیوەندیدارەكان
پێویستە مەسرور بارزانی دەستهەڵگرێ لەم بڕیارە تاكڕەوانەی و چەمینەوە لەبەردەم ڕای گشتی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بە شكاندنی غروری نەبینێت، چونكە ئەم بڕیارانە مەترسین بۆ سەر تاك بە تاكی ئەم كۆمەڵگایە و سومعەی ھەرێمی لە رووی دەرەوە بەتەواوەتی ناشیرین كراوە.
- داوا لە گۆڕان و یەكێتی دەكەین لەم حكومەتە پۆلیسییە ماوەبەسەرچوە بكشێنەوە.
- داواكارین ھێزە ئۆپۆزسیۆنەكان لە ئاستی سەرۆك حزب و سەركردایەتی بێنە سەر جاددە.
بۆ ھەموو لایەك ئاشكرایە لەژێر سیاسەتی كابینەی نۆیەم بە عەقلیەتێكی دۆگماتیكی و پۆلیسی ماوەی سێ ساڵە دوور لە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا، پێچەوانەی پەیماننامە نێودەوڵەتیەكانی مافی مرۆڤ، دەستور و یاسا كارپێكراوەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستان چ زوڵم و پێشلێكاری یاسایی و مافی مرۆڤ بەرامبەر رۆژنامەنوس و چالاكوانانی بادینان دەكرێت و لەژێر حوكمی دادگایەكی كارتۆنی- حزبی سزادراون و سزادەدرێن.
بەداخەوە پیلانێكی مونەزەمی قرێژی - مەترسیدار ھەیە دژی زیندانی و ئازادكراوەكانی بادینان بە تایبەتی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی كە مانەوەی لە چاكسازی گەورانی ھەولێر مەترسی تەسفیەكردنی بە "تیرۆری بایلۆجی" ھەیە (لەنێو زیندانیش سیخور بۆ چاودێریكردنی دانراوە) و پێویستە بۆ سەلامەتی گیانی لە زووترین كاتدا بۆ چاكسازی سلێمانی بگوازرێتەوە كە مافێكی ئاسایی و یاسایی خۆیەتی.
- دوا لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، چینی نۆخبە و رێكخراوە مەدەنیەكان و لایەنە سیاسیەكان دەكەین لە ھەموو شارو شارۆچكەكانی ھەرێم و رەوەندی كوردی لە دەرەوە خۆپێشاندانی سەرتاسەری ئەنجامبدەن، بە تایبەتی ھێزە ئۆپۆزسیۆنەكان سەرباری پاڵپشتی میدییان بۆ ئەم دۆسیەیە داواكارین لە سەرئاستی سەرۆك حزب و سەركردایەتیان لە ئۆفیسەكانیان بێنە دەرەوە و بە كردار و لە مەیدان بەشداری خۆپێشاندانەكان ببن.
- داوكارین دوو ھێزە پێكھێنەرە سەرەكیەكەی كابینەی نۆیەم بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی كە بە بەیاننامە دژایەتی خۆیان بۆ سزادانی زیندانیانی بادینان ڕاگەیاندوە، بە كرداریش وەكو ئەركێكی ئەخلاقی و بۆ مێژوو لەم كابینەیە پۆلیسیە خۆسەپێنە بكشێنەوە و نەبن بەشێك لە مانەوەی ئەم مۆدێلە سیاسییە تاكڕەوە.
- پێویستە دەسەڵاتی دادوەری رۆڵی (عەواد بەندەرەكانی) سەردەمی بەعس نەگێڕن و چیتر نەچنە ژێر ئەمری حزبی، دەستبەجێ زیندانیانی بادینان ئازادبكرێن، چونكە لە ڕووی یاساییەوە بەپێ مەرسومی سەرۆكایەتی ھەرێم بۆ كەمكردنەوەی لەسەدا ٦٠٪‏ی سزاكەیان و لەبارچاوگرتنی یاسای ژمارە ٢٣ی بنەما دادگاییەكانی سزا (اصول محاكمات الجزائیە)، ئازادكردنی مەرجدار (إفراج الشرگی) ماددەی ٣٣١، سزای زیندانیانی بادینان تەواو بوە و زیاتریش لە ماوە یاساییەكەی خۆیان ڕاگیراون.
دۆسیەی زیندانی بادینان و شێروان شێروانی تەنیا پرسی شار و كەسێك نیە، بەڵكو پرسێكی گشتیە و ئەركی ھەموو لایەكە بەجدی بێنە سەرخەت، مەسرور بارزانی دەستهەڵگرێت لەم مۆدێلی حوكمرانیەی، چونكە مەترسیە بۆ سەر تاك بە تاكی ئەم كۆمەڵگایە و سومعەی ھەرێمی ناشیرین كردوە و ھاوپەیمانان و وڵاتە دۆست و پشتیوانانی كوردی نیگەران كردوە.
داواكارین ڕای گشتی كوردستان، میدیا، داواكاری گشتی و دەسەڵاتی دادوەری، لایەنەكان، پەرلەمانتاران، و یونامی دەستەی مافی مرۆڤ، نوێنەرانی وڵاتان لەھەرێم و بەغداد (كونسۆلخانەو بالیۆزخانە) و رێكخراوە جیھانیەكان ھەلوێستی جدی وەرگرن، چونكە ئەو چالاكوانانە لەسەر ڕای جیاواز و خۆپیشاندان و خەباتی مەدەنی سزادراون و ئەمەش مەترسیە بۆ سەر پرۆسەی دیمۆكراسی و ئازادی ڕادەربرین و ناشیرینكردنی سومعەی ھەرێمەكەمان و لە ئاییندەدا ھەموو لایەك باجەكەی دەدات.
ئەیھان سەعید / نوێنەری زیندانیانی بادینان
٢٢ی ٧ی ٢٠٢٣



PM:05:44:22/07/2023