سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان هۆشداری توند سەبارەت بە زیندانییانی بادینان دەدات


د. رێواز فایەق، سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "دۆسیەی زیندانیانی بادینان، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەرگای بەسەر دۆزەخێكدا كردووەتەوە كە داخستنی هەروا ئاسان نییە"

د. رێواز فایەق، سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە نوسینێكدا رایگەیاندووە "دۆسیەی سزادراوانی بادینان دەمێكە لەوە دەرچووە وەك دۆسیەیەكی ئاسایی و یاسایی بەردەم دادگا لێكدانەوەی بۆ بكرێت و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەرگای بەسەر دۆزەخێكدا كردووەتەوە كە داخستنی هەروا ئاسان نییە".

دەقی نوسینەكەی د. رێواز فایەق
شێروان شێروانی و هاوڕێكانیم چۆن بینی؟!
دۆسیەی سزادراوانی بادینان چەند ساڵێكە دۆسیەیەكی كراوەیە، بەردەوام لە ڕێگەی ئاڕاستەكردنی بەشێك لە دادگاكان كەیسی دیكەی بۆ زیاد دەكرێت، بۆیە دەمێكە لەوە دەرچووە وەك دۆسیەیەكی ئاسایی و یاسایی بەردەم دادگا لێكدانەوەی بۆ بكرێت و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەرگای بەسەر دۆزەخێكدا كردووەتەوە كە داخستنی هەروا ئاسان نیە.
دوای وەرگرتنی ڕێوشوێنی یاسایی پێویست و قسەكردن لەگەڵ بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەرێم، دوور لە چاوی میدیا، ڕۆژی ١٠/٦/٢٠٢١ هاوڕێ لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێك سەردانی زیندانی ئاسایشی گشتیمان بۆ ڕێكخرا، ئەوكات زیندانیانی بادینان لە زیندانی ئاسایشی گشتی بوون،سەرەڕای ئەوەی لە(١٦/٢/٢٠٢١)ەوە حوكمیان بەسەردا درابوو، و دەبوو لە چاكسازیی گەورانی هەولێر بوونایە نەك زیندانی ئاسایش، بەڵام كە پرسیمان بۆچی لێرەتان داناون سەرەڕای حوكمدانیان؟ وەڵامیان داینەوە كە بینایەی چاكسازی گەورانی هەولێر لە ژێر نۆژەنكردنەوەدایە بۆیە حوكمدراوان لەگەڵ لەگەڵ ڕاگیراوان لە زیندانی ئاسایشن و هەركات نۆژەنكردنەوە كۆتایی پێبێت حوكمدراوان دەبردرێنەوە بۆ چاكسازیی، لە ڕاستیشدا دوای بەدواداچوون بۆمان دەركەوت كە ئەو بابەتە ڕاستە و بینایەی چاكسازی نۆژەندەكرێتەوە.
ئێمە لە سەردانەكەماندا بۆلای سزادراوان، دوای ڕاوێژ لەگەڵ هاوڕێیانی پەرلەمانتار، بڕیارماندا بێگوێدانە ئەوەی چەند كاتمان پێویستە دەبێت یەك یەك سزادراوان ببینین و پرسیاریان لە دۆخی گشتی زیندان و دۆخی تایبەتیان لێ بكەین، و هاوكات داوام لە هاوڕێیانم و تیمی نووسینگەكەم كرد كە تكایە مۆبایلەكانتان لەم چاوپێكەوتنە بەكارمەهێنن، چ بۆ وێنەگرتن بێت یان تۆماركردنی قسەكان، بۆئەوەی هەمووان دڵنیابن كە ئێمە مەرامی كەسییمان لەم سەردانەدا نیە و تەنها خەمی ئەوانمانە و تا بتوانن بە ئازادییش قسە بكەن.
ئێمە سێ سەعات و پەنجا دەقیقە لە زیندانەكە بووین، یەك یەك لەسەر داوای خۆمان بانگ دەكران و دەمانبینین و هەواڵی هەموو شتمان لێدەپرسین، ڕەنگە لێرەدا پێویست نەبێت هەمووی باس بكەم و بەشێكی هەڵدەگرم بۆ كات و بۆنەیەكی دیكە، بەڵام پەیوەست بە وورە بەرزی و خۆنەویستی و مۆراڵی بەرزی ئەوان چەن شتێكی كەم باسدەكەم:-
 مامۆستا(بەدەل بەرواری) كێشی جەستەی زۆر دابەزیبوو، بە زەحمەت دەناسرایەوە، بەڵام هەر ڕووی خۆش و وورەی بەرز و بە ئومێدەوە لە داهاتووی خۆی دەڕوانی، بۆخۆم گومانێكم لەو لاوازیەی كێشی بۆ درووست بوو، هەندێ جاریش بیستبووم كە ڕەنگە بە جۆرێك لە جۆرەكان بیر لە تەصفیەی جەستەییان بكرێتەوە، بۆیە داوام كرد پشكنینی گشتی بۆ مامۆستا بكەن و بە زووترین كات بۆمان بنێرن، بە سوپاسەوە ئیدارەی زیندانەكە لەماوەی ٤٨ كاتژمێر ئەنجامی پشكنینەكەیان بۆ ناردین سوپاس بۆخوا سەلامەت بوو و گومانەكەم ڕاست دەرنەچوو
 كاك (شڤان سەعید)، زۆر وێرانی بینینی منداڵەكانی بوو، ووتی تەنها منداڵەكانم ببینم ئیتر گرنگ نیە دوای ئەوە چی ڕووئەدات.
پرسیمان بۆ ڕێگەی سەردانیكردن نادرێت؟ ئیدارەی زیندانەكە ووتیان قەدەغەكردنی سەردان بۆ هەموو زیندانیانە بەهۆی پەتای كۆرۆنا و ڕێوشوێنی تەندروستی، ئێمە داوامانكرد لە چوارچێوەی ڕێوشوێنی تەندروستی پێویست دەرفەتی بینینی خێزانەكانیان بۆ بڕەخسێنن چونكە لەو كاتەدا كۆرۆنا تا ڕادەیەكی باش كۆنترۆڵا كرابوو.
هەفتەیەك دوای سەردانەكەی ئێمە هەموویان خێزان و منداڵ و كەسوكاریان بینی، ئەو ڕۆژە بۆ بەندە یەكێك بوو لە ڕۆژە خۆشەكانم، چونكە توانیمان كەمێك لە ئازاری دووری خێزان و كەسوكاریان كەم بكەینەوە، هاوكات دەرگای زیندان بەڕووی تیمی پارێزەرانیشدا كرایەوە وەك مافێكی زۆر ئاسایی و یاسایی.
 لە شێروان شێروانییم پرسی:- باشی؟ دۆخی زیندانەكە چۆنە؟ دۆخی خۆت چۆنە؟
ووتی:- من زۆر باشم دۆخیشم وەكو دۆخی هەموو زیندانیانە، زیندانەكە زۆر قەرەباڵغە، شوێنی هەمووان زۆر خراپە نەك تەنها ئێمە، پێویستە كتێبمان لابێت بەڵام لامان نیە، كام كەناڵی تەلەفزیۆن ئیستفزازمان دەكات ئەوەمان بۆ دادەنێن و كەناڵاە خەزنكراوەكان سنووردار كراون، بەڵام لەدوای حوكمدانمەوە باشترم بەراورد بە قۆناغی لێكۆڵینەوە، بۆمن ئەمە زیندان نیە ڕاهاتووم، ئێوە كە لە دەرەوەن لە زیندانن.
دواتر هاوڕێكانی تریانمان بینی، هەر هەموویان بەكۆ وەك ئەوەبوو قسەی یەكتریان گوێ لێ بووبێت، وورە بەرز و خۆنەویست بوون، زیاتر لە جارێك لێم پرسین ئەگەر ناتانەوێت بەڕێوەبەری زیندانەكە لێرەبێت ئەتوانین داوای لێ بكەین بچێتە دەرەوە، یەك بە یەكیان ئەیووت :- (هیچ پێویست ناكات، ئەوەی بمەوێت دەیڵێم، جا بەڕێوەبەر لێرەبێت یان لە دەرەوە).





AM:11:44:23/07/2023